پەرەپێ دانی ھاوکاریی بەندەری و دەریایی نێوان ئێران و سووریا
ئەندامێکی ژووری ھاوبەشی ئێران و سووریا باسی پەرەپێ دانی ھاوکاریی بەندەری و دەریایی نێوان ئێران و سووریای کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی ئیرنا، «شەھلا عەموری» ئەندامی ژووری ھاوبەشی ئێران و سووریا وتی: پەرەپێ دانی ھاوکاریی ئێران و سووریا پێویستی بە بەردەوام کرانی ھاریکاری و زیادکرانی سەرمایەنانەوەی پەیوەست بە بەشی ژێرخانی بەندەرییە بە مەبەستی چالاکی نواندنی کۆمپانیاکانی بەلەمەوانی.
ئەم ئەندامەی ژووری ھاوبەشی ئێران و سوریا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی تایبەتیی گواستنەوەی دەریایی لەمەڕ پەرە پێ دانی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان دوو وڵات و وتیشی: بارستایی ھەرە باش لە بەندەرەکانی وڵات بە تایبەت لە باشووری ئێران بۆ ئەنجام دانی ھاوکاری و پەرە پێ دانی گواستنەوەی دەریایی لەگەڵ وڵاتانی دیکە ھەیە.
عەموری وتیشی: وڵاتی سووریا لە قۆناغی بنیاتنانەوەدایەو بە دڵنیاییەوە بازاڕێکی ھەرە باش بۆ کەل و پەلی ئێرانی دێتە ئەژمار. بەم پێیە گواستنەوەی دەریایی ڕۆڵێکی کارای دەبێت و وا ھەڵدەگرێ کە بە شێوەیەکی تایبەتی سەرنجی بدرێتێ.
جەختی لەوەش کردەوە کە، زۆربەی کەل و پەلی ناردەی ئێران لە بەندەرعەبباسی پارێزگای ھۆرمۆزگانی باشووری ئێرانەوە ڕەوانەی بەندەری «لازقیە»ی سووریا دەکرێت کە داگری قیر، کەرەستەی پترۆکیمیا، بەرھەمی سووتەمەنی، کەرەستەی بیناچێکردن، چیمەنتۆ، شیش، بەرد، کاشی و سرامیکە.