ته‌مووز 08, 2021 08:50 Asia/Tehran
  • جەختی «عەلی ئەکبەر ویلایەتی» و «بەرھەم ساڵح» لە سەر گەشە پێدان و ھێزمەند کرڕدنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق

ڕاوێژکاری ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێونەتەوەیی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەو گەشەو قوڵ کردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات وتووێژی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی نووسینگەی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران لە بەغداوە، «عەلی ئەکبەر ویلایەتی» ڕاوێژکاری ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێونەتەوەیی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراق وتووێژیان کردو دوایین گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەو گەشەو قوڵ کردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتیان لێک دایەوە.

ویلایەتی تیشکی خستە سەر ھەنگاوە ئەرێنییەکانی سەرۆک کۆماری عێراق و ھەروەھا دیدارەکانی خۆی لەگەڵ کاربەدەستانی عێراقی و وێڕای پێداگرتنی ڕوانگەی ئەرێنیی بەرپرسانی باڵای دوو وڵات لە بارەی گەشە پێدانی پەیوەندییەکانەوەو وتی: لە ئاستی جیھاندا یە دەگمەن ھەڵدەکەوێت دوو وڵات بە قەدەر ئێران و عێراق ھێندە خاڵی ھاوبەشی زۆریان ھەبێت و ئەوەی لە سەردەمی سەددام دا ڕووی دا بەس دیاردەیەکی دەگمەن بوو لە مێژووی دوو وڵات داو ھیچ پەیوەندییەکی بە خواستی گەلانی دوو وڵاتەوە نەبووە.

ویلایەتی جەختی لەوەش کردەوە کە، لەو ڕێگایانەی گەشە پێدان و قوڵ کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات ھێزمەند کردنی ھەڵس و کەوتی زانستی و فێرکاریە لە ئاستی باڵادا و لە ھێندێک لە ناوچەکانی عێراق و بە تایبەت لە ھەرێمی کوردستاندا ھۆگرییەکی زۆر ھەیە بۆ کردنەوەی زانکۆ کە ئێرانیش لەم بوارەدا ئامادەیە لقێکی زانکۆی ئیسلامی خۆی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێرڕاق دا بکاتەوە بۆ داکۆکی کردن لە خوێندکارانی ئەو وڵاتە.

ھەرلە پەیوەندییە نەلەفۆنییەکەدا «بەرھەم ساڵح» سەرۆک کۆماری عێراقیش بە خۆشحاڵی دەربڕین لە نیازپاکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە عێراق، وێڕای ڕاگەیاندنی ئەو پەڕی سڵاووڕێزی خۆی بۆ ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی، وتیشی: عێراق دڵخۆشە بە پەیوەندی، ھاوکاری، ھەڵس و کەوت و یارمەتی و برایەتیی ڕابەرو گەل و دەوڵەتی ئێران و گرینگایەتییەکی زۆری بۆ دادەنێت ، ئینسائەڵڵا ھەردووک وڵاتەکە بتوانن لەم بوارەدا ھەنگاوی زیاتر ھەڵگرن.

سەرۆک کۆماری عێراق ھەروەھا وێڕای پەسەند کردنی بۆچوونەکانی «عەلی ئەکبەر ویلایەتی» لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراقەوە، وتیشی: ئەم پەیوەندییانە تایبەتمەندیی خۆی ھەیە و بە ڕاستی دەگمەنەو پشتی بە مێژوو، جوگرافیا، ئایین و  کلتوورەوە بەستووەو لە پێشنیاری دامەزرانی زانکۆی ئازادی ئیسلامی لە عێراق و بە تاتیبەت لە ھەرێمی کوردستانیش پێشوازیی دەکەبن و ھەموو جۆرە ئاسانکارییەکیشی بۆ دەکەین.

«بەرھەم ساڵح» لە دوابەشی وتووێژە تەلەفۆنییەکەی دا لەگەڵ «عەلی ئەکبەر ویلایەتی» ڕاوێژکاری ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێونەتەوەیی، وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە ئێوە لە بەغدا میوان نین و لەنێو برایانی خۆتاندان، لە بەڕێزی بانگێشتنی کرد ھەتا سەردانی پێتەختی عێراق بکات و لە نزیکەوە بە چڕوپڕی لە بارەی بابەتەکانی جێی سەرنجی ھەردووک وڵات وتووێژ بکەن.

سەرپەیڤ