ته‌مووز 16, 2021 22:43 Asia/Tehran
  • حوججەتولئیسلام شەھریاری: ھاوکاریی نێوان حەوزەی عیلمیەی قوم و ئەلئەزھەری میسر دەرەنجامێکی بەکەڵکی بۆ موسڵمانانی جیھان دەبێت

سکرتێری گشتیی کۆگەی جیھانیی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان وتی: پەیوەندی و ھاوکاریی پتەوی نێوان حەوزەی عیلمیەی قوم و ئەلئەزھەری میسر دەتوانێ دەرەنجامێکی بەکەڵکی لە بواری خەباتی دژی تەکفیرو توندئاژۆیی بۆ موسڵمانانی جیھان ھەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ئیرنا، حوججەتولئیسلام «حەمید شەھریاری»  سکرتێری گشتیی کۆگەی جیھانیی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان لە وبیناری نێونەتەوەیی «ڕۆڵی ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیریەکان لەمەڕ لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامیەکان» لە تاران بە دەربڕینی ئەمەی کە ئیسلام موسڵمانانی بە برای یەکتر ناوبردووەو بەم کارەی پەیوەندیی سۆزدارانەی لە نێوان موسڵمانان دا پتەوتر کردووتەوە، وتیشی: بانگێشتن بۆ لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان بە واتای توانەوە لە ئایینزایەکی دیکە و یەک ئایینزایی نییە، بەڵکو چەمکی نزیک بوونەوە، ھەوڵدان بۆ پێکەوەژیانی ئایینزاکان بەبێ دوژمنایەتی و دەمارگرژییە.

حوججەتولئیسلام «حەمید شەھریاری»  ئاماژەی کردە فەتوای ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بارەی حەرام کردنی سوکایەتی بە پیرۆزایەتییەکانی ئەھلی سوننەش و وتی: ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی سوکایەتی بە پیرۆزایەتییەکانی شێعەو سوننەی حەرام کردووە.

سکرتێری گشتیی کۆگەی جیھانیی لێک نزیک بوونەوەی ئایینزا ئیسلامییەکان تیشکی خستەسەر ھێندێک خاڵ لەبارەی پەیوەندیی نێوان حەوزەی عیلمیەی قوم و زانکۆی ئەلئەزھەری میسرو وتیشی: پەیوەخندی و ھاوکاریی پتەوی نێوان ئەم دوو دامەزراوەیە دەتوانێ دەرەنجامێکی بەکەڵکی لە جیھانی ئیسلام و بۆ موسڵمانان ھەبێت،  لەوانە خەباتی دژی تیرۆریزم و تەکفیرو توندئاژۆیی و پێشگرتن بە شەڕو چارەسەریی ناکۆکیەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی و ھێزمەند کردنی ھاوکاری بۆ ڕێگەگرتن لە سوکایەتی بە پیرۆزایەتییە ئایینزاییەکان و بڵاوکردنەوەی درۆودەلەسەی دژی ئایینزاکانی دیکەو بەرنگار بوونەوەی ئەو تۆڕە میدیاییانەی کە ناکۆکی و دووبەرەکی لەنێو ئایینزاکان پەرە پێ دەدەن.

سەرپەیڤ