ته‌مووز 21, 2021 11:42 Asia/Tehran
  • بەرپاکرانی نوێژی جێژن لە سەرتاسەری ئێرانی ئیسلامی

نوێژی جێژنی قوربان بە ڕەچاو کردنی ڕێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سەرتاسەری ئێرانی ئیسلامی بەڕێوە چوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئێران پرێس، چینە جۆربەجۆرەکانی خەڵک سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە شارو گوندەکانی سەرتاسەری ئێران بە ئامادە بوون لە شوێنە ئایینییەکان، زیکری «الهم اهل الکبریا و العظمه» یان لە  قونوتی نوێژی جێژنی قورباندا وتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە دەھەمی زیحەججەی ١٤٤٢ی کۆچیی مانگی ڕێککەوت لەگەڵ ٢١ی ژوئیەی ٢٠٢١ جێژنی قوربانی پیرۆز ، جێژنی «ئەزحا» لەو جێژنە گەورانەی موسڵمانانە.

لە جێژنی پیرۆزی قوربان دا ئەو حاجیانەی کە چوونەتە زیارەتی ماڵی خودا، بە فەرمانی خوداوەندو بۆ ڕەزامەند کردنی قوربانی دەکەن و بیرەوەریی پێغەمبەری گەورەی ئیلاھی، حەزرەتی ئیبراھیم(ع) زیندوو دەکەنەوەو ڕێزی لێ دەگرن.

خوداوەند بۆ تاقیکردنەوەی باوەڕو نیازپاکیی حەزرەتی ئیبراھیم(ع) فەرمانی دایە کە حەزرەتی ئیسماعیل(ع)ی کوڕی لە پێناوی خوداوەند قوربانی بکات.  حەزرەتی ئیبراھیم(ع)یش سەرباری دژواربوونی ئەم کارە، پێملی فەرمانی خوداوەند بوو و بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ئەرکە دەستبەکار بوو، کەچی ھەرچەندی کرد چەقۆکەی دەستی ملی حەزرەتی ئیسماعیل(ع)ی کوڕی نەدەبڕی. ئا لەم کاتەدا حەزرەتی ئیبراھیم(ع) بانگەوازی بۆ کرا کە لەو تاقیکارییە ئیلاھییەدا بە سەربەرزی دەرچووەو ئەوسا قۆچێکی بۆ ڕەوانەکرا ھەتا لە باتی حەزرەتی ئیسماعیل(ع) بیکات بە قوربانی.

ئەم ڕووداوە پڕ لە پەندوئامۆژگارییە، وانەی فیداکاری و لەخۆبردوویی، زاڵ بوون بە سەر حەزی نەوس و ملکەچ بوون لە بەرامبەر فەرمانی خوداوەندە. ھەر لە بەر ئەمە موسڵمانانی جیھانیش ڕۆژی دەھەمی زیحەججە وەک جێژنێکی گەورەو شکۆمەندی ئیسلامی ڕێز لێ دەگرن و وانەی نیازپاکی و بەندایەتیی لێ فێر دەبن.

سەرپەیڤ