ئاب 03, 2021 12:30 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: نیشتیمانی خۆشەویستمان تینووی خزمەت و ئامادەی بازدانە لە ھەموو بوارێکدا

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە حوکمی تەنفیزی سەرۆک کۆماری دا جەختی کرد: ئەمڕۆ نیشتیمانی خۆشەویستمان تینووی خزمەت و ئامادەی بازدانە لە ھەموو بوارەکانداو پێویستی بە بەڕێوەبەرێکی لێھاتووی جیھادی و زاناو بوێرە ھەتا بتوانێ توانایەکانی گەلەکەمان بە تایبەت لاوان یەک بخات و جوڵانی وڵات بەرەو جێ و شوێنی شیاوی خۆی بەلەزتر کاتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی ئیرنا لە بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، ڕێ و ڕەسمی تەنفیزی حوکمی سەرۆک کۆمارەتیی خولی سیانزەھەم، لە حسەینیەی ئیمام خومەینی(رە) بەڕێوە براو ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای تەنفیزو پشتڕاست کردنەوەی دەنگی جەماوەر، دکتۆر «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی»ی لە پۆستی سەرۆک کۆمارەتی دا جێگیر کرد.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی لە حوکمی تەنفیزەکەدا، بەشداریی پڕواتاو سەربەری ھێنی خەڵک لە ھەڵبژاردن و دیاری کردنی کەسایەتییەکی جەماوەریی، پارێزکارو ھەڵگری پێشینەیەکی درەوشاوەی بەڕێوەبەرایەتیی بە نیشانەی خواستی لێبڕاوانەەی جەماوەر بۆ پێوانی ڕێگای پرشنگداری شۆڕش، واتە ڕێبازی دادگەری، پێشکەوتن و ئازادیی زانی و وێڕای ئاماژە کردن بە ئامادە بوونی وڵات بۆ بازدان لە ھەموو بوارەکاندا، لە سەر ھەڵگیرانی  لەمپەرەکانی سەر ڕێگای وەبەرھێنان، ھێزمەند کردنی پارەی نیشتیمانی، تواناکردنی چینەکانی مام ناوەندی و خواری کۆمەڵگاو جوڵانی بەلەز بەرەو جێ و شوێنی شیاوی وڵات پێی داگرت.

دەقی حوکمی تەنفیزەکە کە لە لایەن حوججەتولئیسلام وەلموسلمین موحەممەدی گوڵپایەگانی خوێندرایەوە، بەمجۆرەیە:

                                 بسم الله الرحمن الرحیم

والحمدلله رب العالمین وصلی الله علی محمّدوآله الطاهرین سیما بقیة الله فی الارضین

شوکرانەبژێری خوداوەندی عەلیم و قەدیرین کە بە فەزڵی خۆی ئێرانی جارێکی تر لە تاقیکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ھەڵبژاردندا سەربەرز کردو گەلی پایەبەرزمان لە ھەل و مەرجێکی دژوارو ئاڵۆزدا، بە ئامادە بوونی پڕواتاو سەربەرزی ھێنیان، دەستەڵاتی دەنگی خەڵک بەسەر بەڕێوەبەرایەتیی وڵات ئاشکرا کردو بە ھەڵبژاردنی کەسایەتییەکی جەماوەری و ڕێزمەند، لە ڕەسەنی سیادەت و زانست و ڕازاوە بە پارێزکاری و بیرمەندی و ھەڵگری پێشینەی درەوشاوەی بەڕێوەبەرایەتی، خواستی لێبڕاوانەەی خۆی بۆ پێوانی ڕێگای پرشنگداری شۆڕش، کە ھەمان ڕێبازی دادگەری، پێشکەوتن و ئازادی و سەربەرزییە، نیشان دا.

ئەمڕۆ نیشتیمانی خۆشەویستمان تینووی خزمەت و ئامادەی بازدانە لە ھەموو بوارەکانداو پێویستی بە بەڕێوەبەرێکی لێھاتووی جیھادی و زاناو بوێرە ھەتا بتوانێ توانایە ئاشکراو نھێنییەکانی گەلەکەمان، بە تایبەت لاوان ، کە دیارە زۆر واوەتر لە تەنگژەکانە، یەک بخات و بەرەو گۆڕەپانی کاروتێکۆشانیان ڕابکێشێ، لەمپەرەکانی سەر ڕێگای وەبەرھێنان ھەڵگرێت، سیاسەتی ھێزمەند کردنی دراڤی نیشتیمانی بەبڕشتانە پێ وشوێن بگرێت وچینەکانی مام ناوەندی و خواری کۆمەڵگا کە قورسایی گرفتە ئابوورییەکانیان لە سەر شانە، تواناو دەست ڕۆییشتوو کات، بەڕێوەبەرێک کە بە ڕوانگەی فەرھەنگی و بیرمەندانە، ڕێگای بەرزکردنەوەی ئاستی ماددی ومەعنەویی گەلی ئێران سانا کات و جوڵانی وڵات بەرەو جێ و شوێنی شیاوی خۆی بەلەزتر کاتەوە.

ئێستاش وێڕی ستایشی جەماوەری خۆشەویست و بە پەیڕەوی کردن لەو ھەڵبژاردنەیان، دەنگدان بە زانای بیرمەندو ماندوویی نەناس و خاوەن ئەزمون و جەماوەری، جەنابی حوجەتولئیسلام وەلموسلمین بەڕێز «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» تەنفیزو پشتڕاست دەکەمەوەو بەڕێزی لە پۆستی سەرۆکایەتیی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا جێگیر دەکەم و لە خوداوەندی مەزنیش سەربەرزی و سەرکەوتنی خۆی و ھاوکارەکانی دەخوازم و ئەوەش وەبیر دێنمەوە کە دەنگی خەڵک و تەنفیزەکەی منیش ھەتا ئەو کاتەیە کە ڕێبازی ھەمیشەیی بەڕێزی لە پێوانی ڕێگای ڕاستی ئیسلام و شۆڕش بەردەوام بێت کە بە فەزڵی ئیلاھی ھەرواش دەبێت، ئینشائەڵڵا.

والسلام علی عباد الله الصالحین

سەیید عەلی خامەنەیی ۱۲ گەلاوێژی ۱۴۰۰

سەرپەیڤ