ئاب 03, 2021 21:49 Asia/Tehran
  • ھاتنی کاربەدەستانی بیانی بۆ تاران بە مەبەستی بەشداری کردن لە ڕێ و ڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری تازەی ئێران

وەزیری دەرەوەی بۆسنی و وەزیری گەشتکاریی غەنا، بۆ بەشداری لە ڕێ و ڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری تازەی ئێران، گەییشتنە تاران.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «تێرکۆڤیچ» یاریدەری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری کاروباری دەرەوەی بۆسنی و «ئیبراھیم موحەممەد» وەزیری گەشتکاریی غەنا بە مەبستی بەشداری کردن لە ڕێ و ڕەسمی سوێندخواردنی «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری تازەی ئێران، گەییشتنە تاران.

«حەمودە سەباغ» سەرۆکی پەرلەمانی سووریا کە بۆ بەشداری کردن لە ڕێ و ڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری تازەی ئێران سەردانی تارانی کردوە، بە دەم گەییشتنی لە لایەن «عەبباس گۆلڕوو» ئەندامی لێژنەی ئاسایشتی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران و جێگری سەرۆکی گروپی دۆستایەتیی پەرلەمانی دوو وڵات پێشوازیی لێ کرا.

ھەتا ئەم کاتە ١١٥ کاربەدەستی فەرمی لە ٧٣ وڵاتی جیھانەوە بۆ بەشداری لە ڕێ و ڕەسمی سوێندخواردنەکەی سەرۆک کۆماری تازەی ئێران  ئامادەیی خۆیانیان ڕاگەیاندوە کە داگری دە سەرۆکی وڵاتان، ٣٠ سەرۆکی پەرلەمان، ١١ وەزیری دەرەوە، ١٠ وەزیر لە وڵاتنانی جۆربەجۆرو ھەروەھا ناردراوی تایبەتیی جێگری سەرۆک پەرلەمانەکان، سەرۆکانی لێژنەکان و شاندە پەرلەمانییەکانن.

ھەروەھا سەرۆک و کاربەدەستانی ١١ ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی و ناوچەیی، نوێنەری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، سەرۆکی ئۆپێک و کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی «IPU»، یەکێتیی ئەورووپا، ئوراسیا، یەکێتیی نێوانە پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئیسلامی و ئاسیایی، ڕێکخراوەی ئێکۆ، سیکا و «D_۸ » کە بۆ بەشداری لە ڕێ و ڕەسمەکە بانگێشتن کراون، ئامادەیی خۆیانیان ڕاگەیاندووە.

ڕێ و ڕەسمی سوێند خواردنی سەرۆک کۆماری تازەی ئێران ڕۆژی پێنج شەممەی ئەم حەوتەیە لە ھۆڵی ئاشکرای مەجلیسی شورای ئیسلامی بەرپا دەکرێت.

سەرپەیڤ