ئاب 05, 2021 19:49 Asia/Tehran
  • ڕەییسی لە ڕێ ڕەسمی سوێندخواردن دا: ئەمڕۆکە دەوڵەتی تازە بە ترۆپکێکەوە وەستاوە کە شارستانیەتێکی جیھانی بە چەندین ھەزار ساڵ پێشینەوە پێکی ھێناوە

سەرۆک کۆماری ئێران دەوڵەتی سیانزەھەمی وەک دەوڵەتێکی جەماوەری و دەوڵەتی تەناھی و یەکگرتنی نیشتیمانی ناساندو وتی: دەوڵەت ماندویی نەناسانە بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانی دەڕواتە پێشەوە، دەوڵەتی تازە بە ترۆپکێکەوە وەستاوە کە شارستانیەتێکی جیھانی بە چەندین ھەزار ساڵ پێشینەوە پێکی ھێناوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» ئێوارەی پێنج شەممە دوای سوێندخواردن و کۆتایی ھاتنی ڕێ و ڕەسمەکە وێڕای بەخێرھاتن کردنی میوانانی بیانی و نێوخۆیی بەشداری ڕێ و ڕەسمی سوێندخواردنەکە، وتی: ھەڵھاتنی شۆرشی ئیسلامی لە ئێران وەرزێکی تازەی ئازادی، بەشداریی سیاسی و جەماوەرسالاریی لە مێژووی ئەم وڵاتەدا تۆمار کرد، وتیشی: یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکو پەیمانێکی نیشتیمانی لە بنەمای شەشەم دا، تەواوی دامەزراوە حکومەتییەکان بە بەرھەمی خواست و دەنگی جەماوەر دەزانێ و ئێستاکە لە چواردەی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠ دا جارێکی تر خواستی جەماوەر ڕەنگی داوەتەوە ھەتا ئەم خزمەتگوزارە سوێندی ئەمەگداری بۆ ئەو ئارمانجە بەرزانە بخوات کە ٤٠ ساڵ لەمەبەر لە لایەن ئیمامی مەزنمانەوە بە ئەنجام گەییشتن.

سەرۆک کۆمار وتی:جەماوەربۆ پێوانی ڕێبازی پرشنگداری شۆڕش مکوڕن و خواستیان ئەوەیە کە وڵاتەکەیان بکەوێتە سەر ڕاستەڕێگای دادگەری و پێشکەوتن و ئازادی و سەربەرزی. ڕەییسی وتیشی: چارەنووسی ئێرانی مەزن لە سای ئوممەتە مێژووسازەکەی و بە ڕابەرایەتیی ئیمامی مەزن گۆڕانی بەسەردا ھات و گەلی ئێران بە ھۆی شۆڕشی ئیسلامییەوە کۆت و بەندی زۆربێژانی لە دەست و لاقی خۆی کردەوەو بە سەر چارەنووسی خۆی دا زاڵ بوو و لە بەرامبەر ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوادا وەستا ھەتا ئەوە بسەلمێنێ کە جەماوەرسالاریی ئایینی شێوازێکی تازەی دەستەڵاتدارییە کە دەتوانێ سەربەخۆیی و ئازادی، دین و دنیاو نەریت و پێشکەوتن لە تەنیشتی یەکدا بە دیاری بھێنێ.

وتیشی: ئێرانی مەزن پڕلەشانازی و مێژووسازانە لە کاتێکدا چووەتە نێو سەدەی تازەوە کە زیتر لە ٤٠ ساڵە ھەتاوی جەماوەر ساڵاریی ئایینی تیای دا ھەڵھاتووەو لە ئێستادا لە سەردەمی تۆکمەوتەواو کردنی جوڵانەوەکەی داو لە دەستپێکی ھەنگاوی دووھەم دایە.

بەڕێزی جەختی لەوەش کردەوە: ئەمڕۆکە دەوڵەتی تازە بە ترۆپکێکەوە وەستاوە کە شارستانیەتێکی جیھانی بە چەندین ھەزار ساڵ پێشینەوە پێکی ھێناوە. کلتوورێک کە بۆ چەندین سەدە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا پێشەنگ بووەو بە ئاوێتەکردنی تاقانەپەرستی و پێشکەوتن، سەرمەشقێکی لە ژیان و مەعنەوییەت خستووەتە ڕوو. کلتوورو شارستانیەتی ئێرانی مەزن ئەوکاتەی کە ئیسلامی قەبووڵ کرد ئەم سەرمەشقەی پێشکەوتنی سەرلەنوێ دروست کردەوەو ئەمجارەیان بوو بە پێشەنگی زانست و وێژەو ئەدەب لە جیھاندا.

سەرۆکی دەوڵەتی سیانزەھەم وتیشی: گەلی مەزنی ئێران لە ئێستادا بە سەر لوتکەیەکی بەرزەوە وەستاوەو خۆشحاڵە لەو بەرھەمەی کە لە ھەڵبژاردنە مێژووییەکەی دا دەستی کەوتووە.

سەرپەیڤ