ئاب 11, 2021 07:02 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: پەیوەندی و ھاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە بە بێ دەستوەردانی بیانییەکان، مەرجی پێویستە بۆ دامەزرانی ئاسایشتێکی پاوەجێ

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە دیداری وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق جەختی کرد: پەیوەندی و ھاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە بە بێ دەستوەردانی بیانییەکان، مەرجی پێویستە بۆ دامەزرانی ئاسایشتێکی پاوەجێ.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمارەتی: ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێران، ڕۆژی سێ شەممە لە دیداری «فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق، وێڕای ستایشی «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمەڕ بانگێشتنەکەی بۆ بەشداری لە «کۆبونەوەی وڵاتانی دراوسێی عێراق» وتی: ھەوڵی عێراق بۆ بەڕێوە بردنی وەھا دانیشتنێک ھەنگاوێکی پیرۆزە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەر لە دیدارەکەدا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ئێران ھەربەو چەشنەی کە وتووێژی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆ چارەسەریی کێشەکانی نێوانیان و چاک کردنەوەی پەیوەندییەکانیان بە دابین کەری ئاسایشت و سەقام دەزانێت، دەستوەردانی بیانییەکان لە کاروباری ناوچەکەش بە ئاڵۆزی چێکەرو ھەڕەشاوی دەزانێ و وتیشی: ھاوکاری و یەک ھێزمەند کردنی وڵاتانی ناوچەکە بە بێ دەستوەردانی بیانی مەرجی پێویستە بۆ دامەزرانی ئاسایشت، چەسپێندرانی ھێمنایەتی و دابین کرانی تەناھی و ئاسودەیی بۆ گەلانی ناوچەکە.

«ڕەییسی» بە دەربڕینی ئەمەی کە ئێران بەردەوام پەرۆشی چارەسەر بوونی گرفتەکانی عێراق بووە، وتیشی: ئێران گەشەو پێشکەوتنی عێراق بە گەشەو پێشکەوتنی خۆی دەزانێت.

«فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراقسش لە دیدارەکەدا وێڕای ڕادەستکردنی بانگێشتننامەکەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بە سەرۆک کۆماری ئێران، بەرپاکرانی «کۆبونەوەی وڵاتانی دراوسێی عێراق»ی بە ھەنگاوێک لە ئاراستەی داکۆکی اە ڕەوتی سیاسی و پێشکەوتنی ئابووریی ئەم وڵاتە زانی و وتیشی: ئەم دانیشتنە ھەنگاوێکە بەرەو دانانی بەردی بناغەی ھەوڵی بەکۆمەڵی وڵاتانی ناوچەکە لەمەڕ پێکھێنانی ئاسایشتی پاوەجێ لە ناوچەکەدا.

وەزیری دەرەوەی عێراق تیشکی خستە سەر ئەمەش کە ئاسایشتی پاوەجێ لە ناوچەکەدا بەبێ بەشداریی ئێران و عێراق مسۆگەر نابێت و ئینجا وتی: بەڕێوە برانی ئەم دانیشتنە لە ڕاستی دا بەستێن خۆشکەرە بۆ وتووێژی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ یەکتر لە ئاراستەی بەدی ھاتنی لێک گەیینی بەکۆمەڵ لە ناوچەکەدا.

سەرپەیڤ