ئاب 11, 2021 16:12 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا پرسی یەکەم و بەپەلەی وڵاتە

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنی دا، بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنای وەک پرسی یەکەم و بەپەلەی وڵات ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنی دا سەبارەت بە ڕەوشتی ئاڵۆزو ڕمبازێنی نەخۆشیی کۆرۆنا، بەکارھێنانی ڕیزبەندی و شێوازی بەرەڤانیی تازەو پتەوتری بۆ بەرپەرچ دانەوەی شێوەگۆڕین و بازدانی ڤایرۆسەکە بە پێویست زانی و وتیشی: گیان لە دەست دانی پتر لە ٥٠٠ کەس لە ڕۆژێکداو کۆست کەوتنی بنەماڵەکانیان و ھەروەھا توش بوونی دەیان ھەزار کەس بە نەخۆشی و گرفتی چارەسەرییان بە ڕاستی دڵتەزێن و جێگای مەخابنەو دڵی ھەر موسڵمان و ھاونیشتیمانییەک لە بەر ئەم کارەساتە گڕی تێ بەر دەبێ، ھەر بۆیە بۆ بەرنگار بوونەوەی ئەم ڕەوشتە ھێندێک ئەرکمان لە سەر شانە.

بەڕێزی مۆڵەت دیاری کردنی یەک حەوتەیی سەرۆک کۆمار بۆ خڕکردنەوەی پێشنیارو بڕیاردان بە بارەیانەوەی بە کارێکی باش زانی و وتیشی: ڕێک لە کاتی دیاری کراودا وەڵامەکان بە وردی ھەڵسەنگێندرێن و بۆ ھەر کارێکی پێویست لێبڕاوانە لە بارەیەوە بڕیار بدرێت و جێبەجێ بکرێت.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ھەروەھا ماندوو بوونی کادێری دەرمانی و گوشارە ڕۆحی و جەستەییەکانیانی بە جێگای نیگەرانییەکی گەورە زانی و وتیشی: لە قوڵایی دڵەوە سوپاسبێژی پزیشکان و پەرەستاران و پێکھاتە دەرمانییەکانی وڵاتم کە بە ڕاستی خەریکی جیھادن ، گەرچی سوپاسبێژی و ستایشی سەرەکییان لەلای خوداوەندی شاکرو عەلیمە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی وێڕای پێداگری لە سەر پێویستیی پەرە پێ دانی تاقیکاریی دۆزینەوەی نەخۆشان جەختی کرد: لە سەرەتای سەرھەڵدانی نەخۆشییەکە تاقیکاریی گشتی بۆ دۆزینەوەی نەخۆشان بوو بە باو کە کارێکی زۆر باش بوو، لە ئێستاش دا دەبێ تۆڕەکانی تەندروستی بە یارمەتیی بەسیج ئەو کارە ئەنجام بدەن.

بەڕێزی وێڕای ئاماژە کردن بە خەرج و بەرجی قورسی تاقیکاریی کۆرۆنا، جەختی کرد: دەوڵەت و بیمەکان یارمەتی بدەن ھەتا دۆزینەوەی نەخۆشان و تاقیکارییەکان بە بەلاش و خۆرا بۆ تەواوی خەڵک ئەنجام بدرێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی لە ڕاسپاردەکەی دیکەی بۆ بەرپرسان، جەختی لە پرسی دابین کردنی ڤەکسین و پێکوتە کردەوەو وتی: بەختەوەرانە بە بەرھەمھاتنی پێکوتەو ڤەکسین لەنێوخۆی وڵات، ڕێگای ھاوردەی نمونە دەرەکیەکەشی سانا کرا، لە کاتێکدا کە ھەتا بەرلەوە سەرباری بەگران پێ فرۆشتنیش، فرۆشیارە بیانییەکان بەڵێنەکانیان نەدەبردە سەر.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی پێشی داگرت: پێکوتە چ لە ڕێگای ھاوردەکردن و چ لە ڕێگای بەرھەمھێنانی نێوخۆییەوە دەبێ بە ھەوڵی دووھێندەو بە ھەر شێوەیەک کە بووە، دابین بکرێت و بخرێتە بەر دەستی جەماوەر.

بەڕێزی وێڕای ئاماژە کردن بە ئامادە بوونی ھێزمەندانەو بەبڕشتانەی ھێزە چەکدارەکان لە ماوەی مانگەکانی یەکەمی بەرنگار بوونەوەی ئەم نەخۆشییە وتی: ھێزە چەکدارەکان لە ئێستاش دا خەریکن، بەڵام دەبێ بە ھەموو توانایەکیانەوە بە ھانای خەڵکەوە بێن.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بەشێکی دیکەی وتەکانی دا ڕوو لە جەماوەر، بەشێک لە گرفتەکانی بۆ ڕەچاونەکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان گەڕاندەوەو وتیشی:  جەماوەری خۆشەویستیمان دەبێ ھەر بە ھەمان ھەستیاریی مانگەکانی یەکەم، ڕێنماییە تەندروستییەکان بە تۆکمەوتەواوی ڕەچاو بکەن ھەتا گیان و سەلامەتیی خۆیان و خەڵکانی دیکەش نەکەوێتە مەترسییەوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی لە ڕاسپاردەیەکی دیکەدا، کۆڕوکۆمەڵەکانی تازیەداری بۆ حەزرەتی سەییدوششوھەدا(ع)ی بە مایەی بەرەکەت و ڕاکێشانی ڕەحمەت و بەزەی ئیلاھی زانی و وتیشی: گەل و وڵاتی ئێمە پێویستی بەم کۆڕوکۆمەڵە بە بەرەکەتانەیە، بەڵام لە بەرپا کرانیاندا دەبێ ڕێنماییە تەندروستییەکان بەوردبینی و بە تەفەڕنجەوە ڕەچاو بکرێت.

بەڕێزی بەرپاکەرانی ئەو کۆڕانەو بەشدارانیشی بۆ ڕەچاو کردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و مەودای جەستەیی ڕاسپاردو جەختی کرد: مەھێڵن کۆڕوکۆمەڵە «حسەینییەکان» ببێتە ھۆی تەشەنا سەندنی نەخۆشی و مایەی تانەو پلاروەشاندنی نەیاران و دوژمنان.

سەرپەیڤ