ئاب 17, 2021 20:02 Asia/Tehran
  • ئایەتوڵڵا ڕەییسی:پەیوەندیی نێوان ئێران و عێراق واوەتر لە دراوسێیەتییە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی، لە وتوێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کرد: پەیوەندیی نێوان ئێران و عێراق واوەتر لە دراوسێیەتییە.

ئایەتوڵڵا«سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» ڕۆژی سێ شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: ھەوڵی دوژمنانی ھاوبەش نەیتوانیوە ھیچ بۆشاییەک لە پەیوەندیی نێوان دوو وڵات دروست کات.

ئایەتوڵڵا ڕەییسی وتیشی: عێراقێکی ھێزمەند، سەربەخۆ، ھێمن، ئاوەدان و پێشکەوتە نەک ھەر ئاواتی ئێرانە، بەڵکو لە بەرنامەی کاری سەرەکیی نێوان دوو وڵاتیش دایە بۆ گەشە پێ دانی ھاوکارییە دوو قۆڵی و ناوچەییەکان.

سەرۆک کۆماری ئێران وێڕای ستایشی بانگێشتنەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێ لە بەغدا، وتیشی: ھەمیشە لە ھەر ھەنگاوو دەستپێشخەرییەک کە ببێتە ھۆی سەقامی ڕەوشتی عێراق و بەرز بوونەوەی جێ و شوێن و ئاستی ڕۆڵگێڕانی ئەم وڵاتە لە ناوچەکەدا، داکۆکیی کردووەو داکۆکیش دەکات.

ڕەییسی وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن نەخشە ڕێگایەک بۆ گەییشتن بە ئاسایشت، سەقام و ئاشتیی پاوەجێ بە ھاوکاریی یەکتر دابڕێژن، وتیشی: دەستوەردانی بیانییەکان لە کاروباری ناوچەکە بەستێن بۆ ئاسایشت و سەقام و گەشەو پێشکەوتن خۆش کات. دیارە تەنیا وڵاتانی ناوچەکەش دەتوانن بۆ چارەنووسی ناوچەکە بڕیار بدەن.

سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وێڕای پیرۆز کردنی دەست پێ بوونی خولی بەرپرسایەتیی سەرۆک کۆماری تازەی ئێران، وتی: تاران ھاوبەشێکی ڕاستەقینە بۆ بەغدا دێتە ئەژمارو بەردەوام لە ھەر ھەل و مەرجێکی دژواردا لە تەنیشتی دەوڵەت و جەماوەری عێراق دا بووە.

کازمی بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەمڕۆکە ناوچەکە گرفتێکی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت و چارەسەر کردنیشی پێویستی بە حیکمەت، دان بەخۆدا گرتن و ھاوکاریی وڵاتانی ناوچەکەیە، وتیشی: گەلێک بە ھیوام کە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی دراوسێکانی عێراق لە بەغدا دیدارم ھەبێت.

سەرپەیڤ