ئه‌یلوول 12, 2021 16:23 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی ھاوبەشی ئاژانس و ڕێکخراوەی ناڤۆکیی ئێران

بەیاننامەی ھاوبەشی سەرۆکی ڕێکخراوەی ناڤۆکیی ئێران و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی دەرکرا.

لە پاش دیداری ئەمڕۆی «ڕافائێل گروسی» بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لەگەڵ «موحەممەد ئیسلامی» سەرۆکی ڕێکخراوەی ناڤۆکیی ئێران ، ھەردووک لا بەیاننامەیەکی ھاوبەشیان دەرکردو لە سەر پەرە پێ دانی ھاوکاریی تەکنیکیی و ھونەریی ئێران و ئاژانس لە بواری جۆربەجۆری ناڤۆکی پێیان داگرت.

لە بەیاننامەکەدا ھاتووە: ھەردووک لا  لە سەر گیانی ھاوکاری و متمانەی بەرامبەرو گرینگایەتیی بەردەوامی دان و ھەروەھا پێویستیی ڕاگەییشتن بە بابەتگەلی نێوانیان لە کەشێکی کراوەو ئەرێنی و تەکنیکی دا جەختیان کردووەتەوە.

بە گوێرەی بەیاننامەکە، ھەر لەو ئاراستەیەدا یاریدەری سەرۆک کۆمارو سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران لە پەراوێزی کۆنفرانسی گشتیی ئاژانس لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی دیدار دەکات و بەڕێوەبەری گشتیش لە داھاتوویەکی نزیک دا سەردانی تاران دەکاتەوە ھەتا لە ئاراستەی ھێزمەند کردنی ھاریکارییەکانی نێوان ئێران و ئاژانس لە بواری جۆربەجۆرو باسی پەیوەست بە بابەتەکانی ئێستای جێی سەرنجی ھەردووک لا لە گەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ئێراندا ڕاوێژو وتووێژ بکات.

لەم بەیاننامە ھاوبەشەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ماوەی پشکێنەرانی ئاژانس بدرێت ھەتا لە بارەی ڕاگەییشتن بە کەرەستەو ئامێرەکانی چاودێری و گۆڕینی کارتی پاشەکەوت کردنیان کە بە کڵۆمێکی ھاویەشەوە لە ئێراندا ڕادەگیردرێت، کاری پێویست ئەنجام دەن و چۆنیەتی و کاتی ئەنجام دانیشی لە لایەن ھەردووک لاوە ڕێککەوتنی لە سەر کراوە.

سەرپەیڤ