بیست و یەکەمین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای
ڕەییسی: ڕێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای دەتوانێ ببێتە ھێزێکی ڕوولەپێشی چەند لایەنەخوازیی جیھانی
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی: ڕێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای دەتوانێ ببێتە ھێزێکی ڕوولەپێشی چەند لایەنەخوازیی جیھانی.
ئایەتوڵڵا«سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» ڕۆژی ھەینی لە لێدوانێکدا لە نێو کۆڕی سەرکردەو کاربەدەستانی بەشداری بیست و یەکەمین کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای وتیشی: ڕێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای بە باشی ئەوەی دەرخستووە کە دەتوانێ بە پشت بەستن بە بارستاییەکانی ئابوری، سیاسی، بایەخدارو حەشیمەتیی خۆی ببێتە ھێزێکی ڕوولەپێشی چەند لایەنەخوازیی جیھانی و ئەمەش دەربڕی ئامادە بوونی بەستێنی پێکھێنانی کۆمەڵگایەکە لە سەر بنەمای بایەخە ھاوبەشەکانی وڵاتانی ڕوو لە گەشە.
ناوبراو بە دەربڕینی ئەمەی کە سیاسەتی دەرەوەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام لە سەر بنەمای ھاوبەشیی چالاک لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و چەند لایەنەخوازی و نەیارەتیی لەگەڵ کرداری یەک لایەنە خوازانە لە سەر بنەڕەتی دادگەری، ھاوکاری، ڕێزگرتنی بەرامبەرو پێویستیی گێڕانی ڕۆڵی کارا لە ڕووبەڕوو بوونەوەی چەلێنچە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان بووە، وتیشی: ھێزمەند کردنی ھاوکارییە دوو لایەنەکان بە تایبەت لە بواری ئابووری، ھۆکارێگی گرینگە لە بەرز کردنەوەی ڕۆڵی ستراتژیی ڕێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای لە ئابووریی جیھانی دا.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئەمڕۆکە جیھان پێی ناوەتە سەردەمێکی تازەوە و زاڵیەتی و یەک لایەنەخوازی خەریکی ئاوا بوونە، وتیشی: سیستێمی نێونەتەوەیی بەرەو چەندجەمسەری و دابەشینی دوویارەی دەستەڵات بە قازانجی وڵاتانی سەربەخۆ ھەنگاو ھەڵدەگرێت.
ڕەییسی جەختی لەوەش کردەوە: لە ھەل و مەرجی ئێستادا ئاشتی و ئاسایشتی جیھانی لە لایەن زاڵیەتی خوازی و چورتم گەلێکی وەک تیرۆریزم، توندئاژۆیی و جیایی خوازی ھەڕەشەی لێ دەکرێت، ھەڕەشەگەلێک کە سێرەی بۆ ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیھان و بە تایبەت ئەندامان و ھاوبەشانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای گرتووەو دیارە پاراستنی ئاشتی لەم پانتاییە بەربڵاوەدا نەک جۆرێک ھەڵبژاردن، بەڵکو جۆرێک پێویستییە.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی جەختی لەوەش کردەوە: ڕێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای و ھەوێنە سەرەکییەکەی واتە متمانەی بەرامبەر، بەرژەوەندیی ھاوبەش، یەکسانی، ڕاوێژی ھاوبەش، ڕێزنان لە ھەمەجۆرەبوونی کلتووری و گەشەی ھاوبەش، ئامێرێکی گرینگ و سەرەکین لە ئاراستەی پاراستنی ئاشتی لە سەدەی ٢١ دا.