ئه‌یلوول 24, 2021 14:09 Asia/Tehran
  • سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی : بەرەڤانیی سەرکەوتووانەی گەلی ئێران ڕاستییەکی حاشا ھەڵنەگری مێژووی ھاوچەرخە

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە بەیاننامەیەک دا جەختی کرد: بەرەڤانیی سەرکەوتووانەی گەلی ئێران ڕاستییەکی حاشا ھەڵنەگری مێژووی ھاوچەرخە.

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە بەیاننامەیەک دا وێڕای ڕێزگرتن لە چل و یەکەمین ساڵگەڕی بەرەڤانیی پیرۆز، بەردەوامیی بەرەڤانیی سەرکەوتووانەو ھێزمەندانەی گەلی ئێرانی بە ڕاستییەکی حاشا ھەڵنەگری مێژووی ھاوچەرخ و دەستەبەری وەدەرنرانی ئەمریکا لە ناوچەکەو سڕینەوەی لووی شێرپەنجەیی ڕژێمی زایونی لە جوگرافیای ئیسلام زانی.

لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە: شەڕی داسەپاوی ھەشت ساڵە بە سەر گەلی ئێران ھەنگاوێکی پێشێلکارانەی بنەماو مافی نێونەتەوەیی و تێکدەری سەقامی ناوچەکە بووەو ئاسەوارو شوێنھاتە کاولکەرەکەی لە سەر ئاسایشتی ناوچەیی بە پاڵپشتیی ھێزەکانی ئیستیکبارو پاوانخواز و لە سەرەوەی ھەموویانەوە دەوڵەتی تیرۆریست و شەڕخوازی ئەمریکاو ھاوڕێیەتی کردنی کۆنەپەرستانی ناوچەکە لەگەڵ دەست درێژکار، بووە ھۆی بەردەوامیی سنوور بەزاندن و ڕوودانی شەڕگەلی دیکە لە ناوچەی ستراتژیی کەنداوی فارس و ڕۆژئاوای ئاسیا.

ئەم بەیاننامەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە، شەڕی داسەپاوی ئیستیکبارو سەرەڕۆیانی جیھانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەکەوە دەربڕی شکست ھێنانی بەرەی دژی شۆڕش و نەیارانی ناوچەیی و واوەناوچەیی و لە لایەکی دیکەوە وێناکردنی ئەم ڕاستییەیە کە ئێران و ئێرانی لە سای زیرەکی و بەرچاوڕوونییە ناخەکی و شۆڕشگێڕانەکەی و ئەزمونەکانی بەرەڤانیی پیرۆز، بەردەوام چەند ھەنگاو پێشتر لە دوژمن، بەو پەڕی سەربەرزییەوە بەرەوپێش چوونی جوڵانەوەی ئارمانی و شاستانیانەی خۆی پاراستووەو دەستەبەری کردووە.

لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا ھاتووە: دوای شەڕی داسەپاو، سووانی دەستەڵات لە ئوردووگای پاوانخوازو ئیستیکبار، بووە ھۆی ھەڵەی کۆشکی سپی لە ھەڵسەنگاندنەکانی لەوانە کشانەوەی ئەمریکییەکان لە حەشارگە ستراتژییەکانیان و لەشکرکێشان بەرەو ئەفغانستان و عێراق، کە ھەڵبەت دوای تێپەڕینی پتر لە بیست ساڵ، ئەمڕۆکە شایەتی ھەڵاتنی سەرشۆڕانەی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان و بە لوتفی ئیلاھی لە داھاتوویەکی نەک ھێندەش دووردا لە وەدەرنرانیان لە ڕۆژئاوای ئاسیاین.

سەرپەیڤ