تشرینی یه‌که‌م 15, 2021 17:29 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بارەی ئیدانەکردنی ھێرشە تیرۆریستییەکەی سەر مزگەوتی فاتیمیە(س) لە قەندەھاری ئەفغانستان

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەیاننامەیەک دا ھێرشی تیرۆریستیی سەر مزگەوتی فاتیمیە(س) لە قەندەھاری ئەفغانستانی ئیدانە کرد.

 وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی ھەینی  لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: جارێکی تر دەستی دوژمنانی ئیسلام و موسڵمانان بە ھۆی تیرۆریستانی خوێنمژی تەکفیرییەوە کۆمەڵێکی تر لە جەماوەری ستەملێکراوی ئەفغانستانی کە خەریکی بەرپاکردنی نوێژی ھەینی بوون لە خاک و خوێن دا گەوزاند.

لەم بەیاننامەیەدا ھاتووە: وەزارەتی دەرەوەی ئێران ھێرشی تیرۆریستیی تەکفیرییە خوێنمژەکان بۆ سەر مزگەوتی فاتیمیە(س)ی قەندەھار ، کە شەھیدو بریندار بوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەشدارانی نوێژی ھەینیی لێ کەوتەوە، بە توندی ئیدانە دەکات و لە بنەماڵەی ڕێزداری شەھیدان و جەماوەری خۆشەویستی ئەفغانستان سەرەخۆشی دەکات.

لە بەیاننامەکەدا ھاتووە: جارێکی تر لە بارەی پیلانی ئاژاوەگێڕانەی دوژمنانی ئوممەتی ئیسلامی وشداری دەدەین و لە سەر پێویستیی یەکگرتن و ھاوپشتیی شێعەو سوننە و ڕەت کردنەوەی توندوتیژی بە ناوی ئیسلامەوە پێ دادەگرین.

لە بەیاننامەکەی  وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا جەخت لەوە کراوەتەوە کە، ئەم کارەساتە دڵتەزێنە و ڕووداوە تاڵەکانی ڕابردووش، لەوانە ھێرشەکەی پێشوو بۆ سەر نوێژخوێنان لە «قەندووز»، پێویستیی پاراستنی زیاتری ناوەندە ئایینییەکانی شێعەو سوننە و کۆڕو کۆبوونەوەکانی دیکەی ئەفغانستان ڕوونتر دەکاتەوە.

 وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەکەی دا ھەروەھا ڕاشیگەیاندووە: کۆماری ئیسلامیی ئێران دڵنیایە خوشکان و برایانی موسڵمان لە ئەفغانستاندا بە ھاودڵی و ھاوبیری و ھاریکاریی یەکتر پیلانی ئاژاوەگێڕانەی دوژمنان پوچەڵ دەکەنەوە.

سەرپەیڤ