تشرینی یه‌که‌م 26, 2021 23:06 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاھییان: ئێران لەگەڵ کۆڕی دەستەڵاتداری ئەفغانستان خەریکی ڕاوێژی ئاسایشتییە

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، بە دەربڕینی ئەمەی کە، ئێران لەگەڵ کۆڕی دەستەڵاتداری ئەفغانستان خەریکی ڕاوێژی ئاسایشتییە، جەختی کرد: کۆڕی دەستەڵاتدارو سەرپەرشتیکاری ئەفغانستان لە بەرامبەر پێکھێنانی ئاشتی، سەقام و ئاسایشت لەو وڵاتەدا بەرپرسە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی میھر، «حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێ شەممە دوای دیدارو وتووێژ لەگەڵ «شا مەحمود قورەیشی» وەزیری دەرەوەی پاکستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە تاران ڕایگەیاند: پێکھاتنی دەوڵەتی ھەمەلایەنەو گشتداگر بە بەشداریی تەواوی ھۆزەکان لە ئەفغانستاندا وەکو گرینگترین ڕێکاری سیاسی لە بەردەم دایە و بەردەوامین لە سەر پەیئوەندییەکانمان لەگەڵ تەواوی لایەنەکان لە ئەفغانستاندا.

وەزیری دەرەوەی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە بۆ یارمەتی دانی ئەفغانستان لە ئاراستەی دەرباز بوون لەم دۆخەی ئێستا، تەواوی بوارگەکانی سەرسنووری ئێران بۆ بازرگانی و سات و سەودای سنووری کراوەیە، وتیشی: بۆ ئاسانکاری لە مەڕ ناردنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە لە ڕێگای سنوورەکانی ئێرانەوە بۆ وڵاتی ئەفغانستان ئامادەین. ھەرچەندە بتوانین بەستێن بۆ باری ئابووری و گوزەران و ناردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانەی وڵاتانی دیکە بۆ ئەفغانستان زیاتر خۆش کەین، لە سەروبەندی وەرزی سەرمادا لەگەڵ شەپۆلێکی کەمتری ئاوارەکان بەرەو سنووری وڵاتانی دراوسێ بەرەوڕوو دەبینەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: لەگەڵ وڵاتی دۆست و برای پاکستاندا لە سەر ئەوە ڕێک کەوتین کە لە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی دراوسێکانی ئەفغانستان کە ڕۆژی چوارشەممە لە تاراندا بەرپا دەکرێت، پەیامێکی یەک دەستمان بۆ خەڵکی ئەفغانستان و کۆمەڵگای جیھانی و کۆڕی سەرپەرشتیکارو دەستەڵاتی کاتیی ئەفغانستان ھەبێت.

 

سەرپەیڤ