تشرینی یه‌که‌م 27, 2021 10:39 Asia/Tehran
  • ڕەییسی لە دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکمەنستان: بارستایی پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و عیشق ئاباد زۆر زیاترە لە ئاستی ئێستای

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی شەوی سێ شەممە لە سەر چوارشەممە لە دیداری «ڕەشید مەردۆف» وەزیری دەرەوەی تورکمەنستان لە تاران وێڕای ئاماژە کردن بە خواستی بەرپرسانی باڵای دوو وڵات بۆ پەرە پێ دانی ھەرچی زیاتری ئاستی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، وتیشی: ھێزمەند کردنی پەیوەندییە دوو قۆڵیەکان دەتوانێ ھاوکارییە ناوچەیی و نێونەتەوەییە ئەرێنییەکانی ئێران و تورکمەنستانی لێ بکەوێتەوە لە ئاراستەی دامەزرانی سەقام و ئاشتیی لە ناوچەکەدا.

ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لەم دیدارەدا وێڕای ڕێزگرتن لە ھاوکاری و داکۆکیی تورکمەنستان لەمەڕ ئەندامیەتیی ھەمیشەیی ئێران لە ڕێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای، وتیشی: پەیوەندییەکانی ئێران و تورکمەنستان واوەتر لە پەیوەندیی سیاسی و ئابووری، لە ھۆگریی ناخەکی و بڕوایی نێوان ھەردووک نەتەوەکەوە سەرچاوە دەگرێ و دەبێ ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش ئاستی ئەم پەیوەندییانە بەرزتر بێتەوە.

ڕەییسی وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە بارستایی پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و عیشق ئاباد زۆر زیاترە لە ئاستی ئێستای، وتیشی: بەرز کردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان بە کاراکردنی بارستاییەکانی ھاوکاری لە بواری جۆربەجۆر بە تایبەت گواستنەوەو وزە بە قازانجی ھەردووک نەتەوەکەو گەلانی ناوچەکەیە.

بەڕێزی لە بارەی پرسی ئەفغانستانیشەوە وتی: دەبێ لە ئاراستەی پێکھاتنی ئاشتی و ئاسایشت و دامەزرانی دەوڵەتێکی ھەمەلایەنە لە ئەفغانستاندا کە نوێنەرایەتیی تەواوی ھێزو باڵە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە بکات، ھەنگاو ھەڵ بگیردرێت.

وەزیری دەرەوەی تورکمەنستانیش لە دیدرەکەدا بە دەربڕینی ئەمەی کە ڵاتەکەی خوازیاری دامەزرانی پەیوەندیی ھەمەلایەنە، پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و عیشق ئابادە، وتیشی: ئێران بە وڵاتی دۆست و برای خۆمان دەزانین و بەبڕشتانە بەدووی بەرز کردنەوەی ئاستی پەیوەندی و ھاوکارییەکانداین لە بوارە جۆربەجۆرەکانی وەک گاز و گواستنەوەو بازرگانی.

«ڕەشید مەردۆف» وێڕای ئاماژە کردن بە گرینگایەتیی پەرە پێ دانی ھاوکارییە ناوچەییەکانی نێوان دوو وڵات، وتیشی: تورکمەنستان لە دەستپێشخەرییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی پرسی ئەفغانستانەوە داکۆکی دەکات و ئامادەشە لە ھەموو ئاستێکی ناوچەیی دا پەیوەندی و ھاوکارییەکی نزیکی لەگەڵ تاراندا ھەبێت.

سەرپەیڤ