تشرینی دووه‌م 16, 2021 16:58 Asia/Tehran
  • ئەسپەردە کرانی تەرمی دۆزراوەی یەکەم ئافرەتی شەھیدی کورد

تەرمی پاکی ئافرەتی شەھیدی کورد «فاتیمەی ئەسەدی» ڕۆژی سێ شەممە لە گەرمەی پێشوازیی جەماوەری پارێزگای کوردستان بەڕێ کراو لە تەنیشتی گڵکۆی پیرۆزی «بی بی ھاجەر خاتون» خوشکەزای ئیمامی ڕەزا(ع) ئەسپەردە کرا.

شەھید «فاتیمەی ئەسەدی» لە ئافرەتانی کوردستان کە لە ساڵانی دووردا لە لایەن پارتی دژە شۆڕشی دیموکراتەوە شەھید کراوە، تەرمی پاکەکەی دوای ٣٧ ساڵ لە شەھیدکران و بێ و سەروشوێن بوونی دۆزرایەوەو ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر لە سنەدا ئەسپەردەی خاکە پاکی کوردستان کرا.

ڕێ و ڕەسمی ماڵئاوایی لەگەڵ تەرمی شەھید «فاتیمەی ئەسەدی» یەکەم ئافرەتی شەھیدی دۆزراوە، دوێنێ دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر لە گوڵزاری شەھیدانی کرماشان بەرپا کرا. تەرمی ئەو بەڕێزە لە سەر دەستی جەماوەزری شەھید پەروەری کرماشان ڕەوانە کرا.

لەم پەیوەندییەدا ئەنجومەنی ڕێکخستنی بانگەوازی ئیسلامیی کوردستان بە دەرکردنی پەیامێک لە ئامادە بوونی شکۆمەندی جەماوەری سنە لە ڕێ و ڕەسمی بەڕێ کران و ناشتنی ئافرەتی شەھیدی کورد ڕێزی گرت.

لەم پەیامەدا ھاتووە: سوپاس بۆ خوداوەندی سەربەرزی بەخش کە لە سای نیعمەتی ناوازەی بەرچاوەڕوونی سەرفرازی کە بە گەلی مەزنی ئێرانی ئیسلامیی بەخشیوە، ئەم گەلە پاڵەوانە بە ڕێشاندانی ڕابەرێکی ھێزمەندو پایەبەرز، بەردەوام  لە قۆناغە گرینگ و ھەستیارەکانی مێژوودا ڕۆڵی خۆی گێڕاوەو مێژووی پڕ کردووە لە داستانی ئازایانەو جێگای شانازی.

لە پەیامەکەی ئەنجومەنی ڕێکخستنی بانگەوازی ئیسلامیی کوردستان جەخت لەوە کراوەتەوە کە، بێ گومان ناوی بەرزی خاتوونی شەھید «فاتیمەی ئەسەدی» بۆ ھەتاھەتایە بە ترۆپکی مێژووی خۆڕاگری و لە خۆبردوویی ئەم پارێزگایە دەدرەوشێتەوەو پێشوازیی شکۆمەندی خەڵک لەم خاتوونە سەرفرازەش خاڵێکی جێی ھیوایە بۆ خزمەتگوزارانی نیزامی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

سەرپەیڤ