تشرینی دووه‌م 16, 2021 20:56 Asia/Tehran
  • کچی سەرداری شەھید «قاسم سولەیمانی»: گۆڕەپانەکانی خۆڕاگری و لە خۆبردوویی بۆن و بەرامەیەکی دایکانەی ھەڵگرتووە

کچەکەی سەرداری شەھید «حاج قاسم سولەیمانی» ڕایگەیاند: دۆزرانەوەی تەرمی شەھید «فاتیمەی ئەسەدی» ئەوەی دەرخست کە گۆڕەپانەکانی خۆڕاگری و لە خۆبردوویی بووە بەھەڵگری بۆن و بەرامەیەکی دایکانە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «زەینەب سولەیمانی» کچی سەرداری شەھید «حاج قاسم سولەیمانی» ڕۆژی سێ شەممە لە ڕێ و ڕەسمی بەڕێکرانی تەرمی ئافرەتی شەھیدی کورد «فاتیمەی ئەسەدی» لە شاری سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستان وتی: ئەمڕۆ لە خزمەتی دایکێکی پاکی ئەم سەرزەوینەداین کە بە خواستی خۆی پێی نایە جەرگەی ئاگری نەمرودییەکانی سەردەم ھەتا ئیبراھیمەکەی کە لە بەر خزمەتکردنی سپای پاسداران و بەرەی ئیسلام گیرۆدەی ئاگری ڕقە بڵێسەدارەکەی دوژمنان ببوو، ڕزگار یکات و کەچی بۆ خۆی کەوتە داوی دڕندەکارانەوەو یەخسیر کرا، ئەری خودا نەبێ کێی تر دەزانێ زریکەی کۆرپە شیرەخۆرەکەی کە لێیان دابڕی بوو، چ برینێکی قوڵ و کاریگەری خستبووە سەر ڕۆح و گیانی. خیرەت و خۆڕاگربوونە ناوازەکەی گەرچی دیل و یەخسیریش بوو، کەچی وەک ئەوە وا بوو کە ئەم ئەو دێوودرنجە ڕق لە دڵانەی بە دیل گرتبوو، کە لە پیاوەتی و مەردایەتی بەس ناوێکی ڕوکەشانەیان پێوە بوو، ھەر بۆیە کاتێک کە بینییان ناتوانن سەوڵی دایکانەی بچەمێننەوەو تێکی بشکێنن، خەنجەریان لێ ھەڵکێشاو ناجوامێرانە شەھیدیان کرد.

«زەینەب سولەیمانی» کچی سەرداری شەھید «حاج قاسم سولەیمانی»  وتیشی: ئەمڕۆکە شەھیدەی ھێژا «فاتیمەی ئەسەدی» کچی تەواوی سەرزەوینی ئێرانە کە لە بەندەنی ئیسقانەکانیەوە ھەتاوی حەق بوونی ئیسلام و شۆڕشی ئیسلامی ھەڵھاتووە ھەتا جارێکی تر تاریکایی، گەندەڵی ، ڕەشایی و چەپەڵیی دوژمنە سوێندخواردووەکانی ئیسلام تێک بشکێنێ و دڵ و دەروونمان بە تریفەی شەھادەت ڕووناک کاتەوەو بە گەرمای خیرەتی دینی گەرم دابێنێ.

«زەینەب سولەیمانی» لە درێژەی وتارەکەی دا وتیشی: با دوژمنان بزانن ھەتا ئافرەتگەلێکی پاڵەوان و دایک گەلێکی دەروونپاکی وەک ئەو ھەبن، ڕۆڵەکانی سەرزەوینی ئێران کە شیری بوێری و چاونەترسیی ئەوانیان خواردووە خەو لە چاوانیان دەتارێنن و بە کرێگیراوەکانیان چ دیموکرات بن و چ داعش، سەرشۆڕو بێ ھیوا دەکەن.

سولەیمانی وتیشی: بە دڵنیاییەوە «حاج قاسم»ی باوکم بە پێی خووخدەی جارانی خۆی ئەمڕۆش لە تەنیشتی ئێمەدایەو لە بەھەشتی بەرین دا خێرھاتنی ئەم خاتوونە پاڵەوانە دەکات. وەک چۆن لە دنیاش دا چارشێوی تەقواو پارێزکاریی دایکانی شەھیدانی ماچ دەکرد، ئەمڕۆش بە ماچ کردنی ئەو کفنەی کە ڕۆفاتی ئەم شەھیدە ئازیزەی تێوە پێچراوە، لەگەڵ یاران و ھاوسەنگەرەکانی دا بە پیرییەوە دێن و پێشوازیی لێ دەکەن.

سەرپەیڤ