کانونی یه‌که‌م 29, 2021 18:06 Asia/Tehran
  • خەتیب زادە لە وەڵامی پرسیارێکی ھەواڵدەریی فارس: بەبڕشتانە خەریکی بەدواداچوونین بۆ ڕەوشتی ئەو نۆ شارومەندە ئێرانییەی گوێزراونەتەوە بۆ سووریا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای شی کردنەوەی ئەو ھەنگاوانەی لە بارەی ڕەوشتی نۆ شارومەندە بێ سەروشوێن کراوەکەی ئێران ھەڵگیراوە، وتیشی: لە ڕێگای باڵوێزخانەکانی ئێران لە تورکیاو سووریا ئەم بابەتە بە شێوەیەکی بەبڕشتانە پێ و شوێن دەگرین.

خەرمانانی ئەمساڵ ھێندێک ھەواڵ لە میدیاکاندا بڵاو بووەوە لە بارەی قۆڵبەست کرانی نۆ شارومەندی ناوچەی ھەورامانی ئێران لە لایەن پۆلیسی تورکیاو ڕادەست کرانیان بە تاقمە تیرۆریستەکانی سەقامگرتووی باکووری سووریا. وەک لە ھەواڵەکاندا باسی کراوە ئەو نۆ شارومەندە کوردەی ئێران لە کاتی گیراندا خۆیانیان بە کوردی سووری ناساندووەو دەوڵەتی تورکیاش ڕادەستی تیرۆریستانی سەقامگرتووی سووریای کردوون، کە گوایە دواتر تیرۆرستانیش پەیوەندی بە بنەماڵەکانیانەوە دەکەن و بۆ ئازاد کردنی ھەر کامەیان داوای دوو ھەزار دۆلار دەکەن.پاش ئەوە  بنەماڵەکانیان لە بەر دەم وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ھەروەھا باڵوێزخانەی تورکیا لە تاران گردبوونەوەیەک پێک دێنن. ڕۆژی ٢٦ی ڕەزبەر لە پرێس کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە ڕەوشت و چۆنیەتیی بەدواداچوون بۆ چارڕەنووسی ئەو نۆ شارومەندە کوردە پرسیار لە «سەعید خەتیب زادە» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەکرێت و ئەویش وەڵام دەداتەوە کە، دیارە ھیچ بابەتێک بەبێ بەدواداچوون ناھێڵینەوە. لە بابەتی سنووری دا جاری وایە کێشەکان دەبێ ڕێگاچارەی خۆیانی بۆ بدۆزرێتەوە. لە ئێستاش دا سنووروانانی ئێران و تورکیا کۆبوونەوەی ھاوبەشیان کردووەو بۆ ئەم بابەتەو ھێندێک بابەتی دیکەش خەریکی ڕاوێژن.

لە ڕۆژی ٢٩ سەرماەزیش دا ھەمان پرسیار لە «خەتیب زادە» کرایەوەو ئەویش وتی: چەند ھاوڵاتییەکی ئێرانی لە بەر پەڕینەوەی نایاسایی لە سنوورو یان بەوجۆرەی کە تورکیا بانگەشە دەکات لەبەر چوونی نایاسایییان بۆ ئەو وڵاتە بە ھۆی دەوڵەتی تورکیاوە قۆڵبەست و ڕەوانەی سووریا کراون، کە ئەم بابەتە لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئێران وەک بابەتێکی سەرەکی لە وتووێژەکاندا ئاماژەی پێ کراو بڕیاریش درا ھێزەکانی سنوورپارێز لەم بوارەدا ھاوکاریی یەکتر بکەن.

لەم دواییەش دا خەتیب زادە جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەزارەتی دەرەوەو بەشی کۆنسولگەری دوای ئاگادار کرانەوەی لە لایەن بنەماڵەکانی ئەو ھاوڵاتییە بێ سەروشوێنکروانە بابەتەکەی لە ڕێگای باڵوێزخانەی تورکیا لە تاران و ھەروەھا باڵوێزخانەی ئێران لە ئانکارا پێ و شوێن گرتووەو جیا لەمە لە ڕێگای باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشقیش بە دواداچوون کراوەو بە بڕشتانە خەریکی پێ و شوێن گرتنین.

سەرپەیڤ