شوبات 13, 2022 12:09 Asia/Tehran
  • مەکۆیەکی بازرگانی بۆ ناساندنی ١٠٠ براندی ئێرانی لە سلێمانی دەکرێتەوە

سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی ناساندنی برەندە نەناسراوەکانی بە پێویست زانی و وتی: بەم زووانە مەکۆیەکی بازرگانی بە ئامادە بوونی ٣٠ کۆمپانیای زانست بنەماو ١٠٠ براندی جۆربەجۆر لە سلێمانی دەکرێتەوە بۆ ئەوەی جیا لە ناساندنی خۆیان، خزمەتگوزاریی بازرگانیی وەک دۆزینەوەی بازاڕ، دامەزراندنی پەیوەندی و گواستنەوەش فێر ببن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، دکتۆر«مەھدی شوشتەری» سەرکۆنسولی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانیی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ھەڵسوڕاوانی ئابووریی پارێزگای کرماشان لە ژووری بازرگانی، گەشە پێ دانی بازرگانی لەگەڵ دراوسێکانی بە ئەولەوییەتێکی دەوڵەتی سیانزەھم زانی و وتیشی: وەزارەتی کاروباری دەرەوە لە بواری ناردەمەنی دا چوار سیاسەت پێ و شوێن دەگرێ کە یەکەمیان بەرز کردنەوەی ئاستی کوالیتی بەرھەمەکان و برەند چێکردن لە کاڵاو کەل و پەلە ناردراوەکانە.

بەڕێزی سەرنجدانی بەبڕشتانە بە ستاندارد چێکردن لە لایەن عێراقیشی بە گرینگ نرخاندو وتیشی: ھەمە جۆرەکردنی ئەو بەرھەمانەش کە ڕەوانە دەکرێن گرینگە.

شوشتەری عێراقی دوای چین بە دووھەمین ھاوبەشی بازرگانی و یەکەم ھاوبەشی کوالیتیی بازرگانیی ئێران زانی و وتی: گرینگایەتیی بازاڕی عێراق لای کەس شاراوە نییە و ھەرێمی کوردستانیش لە بەر ھاوبەشییە کولتووری، مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان و ھاوسنوور بوونی، پەیوەندییەکی قوڵی ھەر لە سەردەمی سەددامەوە لەگەڵماندا ھەبوەو سەرباری تەواوی گەمارۆو بایکۆتەکان، توانیومانە ئاستی پەیوەندییەکانمان بپارێزین.

سەرۆکی ژووری بازرگانیی پارێزگای کرماشانیش لە کۆبوونەوەکەدا پێشینەی ئاڵووێری بازرگانی لەگەڵ سلێمانیی بۆ سەردەمی سەددام گەڕاندەوەو وتی: ھەرێمی کوردستان لە ئێستاش دا لە گواستنەوەی کەل و پەلەکانمان بۆ وڵاتانی دیکە ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێ و پرسی گواستنەوەی یەکسەرەی کەل و پەلیش کە چەند ساڵێکە باسی لێوە دەکرێت، لە ھەرێمی کوردستان و بە دیاری کراوی پارێزگای سلێمانییەوە دەست پێ دەکات.

«کەیوان کاشفی» وێڕای ئاماژە کردن  بەمەی کە پێویستمان بە زانیاریی زیاترە لە بارەی ھەڵسوڕاوانی ئابووریی سلێمانییەوە، وتیشی: بە سەرنجدانی ئەوەی کە بەڕێز «ئەمیریی موقەددەم» پارێزگاری کرماشان زۆر مکوڕە لە سەر ئەم بابەتە، پێشنیار دەکرێت کە دوای ساڵانێکی دوورودرێژ دیدارێک لە نێوان پاررێزگارانی ھەردوک پارێزگاکە ڕێک بخرێت ھەتا ھێندێک لە گرفتەکانی ئێستا لە بازرگانی دا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی پارێزگارە بەڕێزەکان چارەسەر بکرێت.

 

سەرپەیڤ