ئادار 02, 2022 14:25 Asia/Tehran
  • سەردانی نوێنەرانی ھەمیشەیی ئێکۆ بۆ «بەندەر عەبباس»ی ئێران

نوێنەرانی ھەمیشەیی ١٠ وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئابووریی «ئێکۆ» بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھەمیشەیی ئەم ڕێکخراوەیە ڕۆژی چوارشەممە گەییشتنە «بەندەرعەبباس».

 ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئابووریی «ئێکۆ» سەرەتا بە بەشداریی سێ وڵاتی ئێران، تورکیاو پاکستان و بە پێی پەیمانی «ئیزمیر»و بە مەبەستی بەرز کردنەوەی ئاستی ژیانی ئابووریی خەڵکی ناوچەکە لە ساڵی ١٩٨٣ دامەزراو ئەفغانستان، تاجیکستان، ئازەربایجان، ئوزبەکستان، تورکمەنستان، کازاخستان و قڕقیزستان لە ١٩٩٢ بەم ڕێکخراوەیەوە پەیوەست بوون.

لە ئێستاش دا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھەمیشەیی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئابووریی ئێکۆ بە میوانداریی پارێزگای ھۆرمۆزگانی ئێران ئەمڕۆو سبەی واتە ١١ و ١٢ی ڕەشەمە بەڕێوە دەچێت.

کۆبوونەوەی ھاوبەشی ئابووریی ھۆرمۆزگانی ئێران لەگەڵ ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئێکۆ، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھەمیشەیی ئێکۆ، دیدارە تایبەتییەکانی باڵوێزان لەگەڵ پارێزگاری ھۆرمۆزگان، کۆبوونەوەی لێکدانەوەی دەرفەتەکانی ھاوکاریی پارێزگای ھۆرمۆزگان لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ئێکۆ بە میواندارەتیی ژووری بازرگانی، پیشەسازی و کشت و کاڵی بەندەرعەبباس و سەردانی ناوچەی تایبەتیی ئابووریی بەندەری شەھید ڕەجایی وەک بەرنامەکانی نوێنەرانی ھەمیشەیی دە وڵاتی ئەندامی ئێکۆ لە بەندەرعەبباس ڕاگەیەندراوە.

سەرپەیڤ