ئادار 15, 2022 15:20 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاھییان: شەڕ لە ھەر ناوچەیەکی جیھان بێت ڕاشکاوانە ئیدانەی دەکەین

وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە ئێران شەڕ لە ئۆکرانیاو ئەفغانستان و یەمەن و ھەر ناوچەیەکی دیکەی جیھان ڕاشکاوانە ئیدانە دەکات، لە سەر گرتنە بەر ڕێگاچارەی سیاسی لە پرسی ئۆکرانیا پێی داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، «حسەین ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێک بەمەبەستی دیدارو وتووێژ لەگەڵ «سێرگێئی لاڤرۆف» ھاوتای ڕووسی خۆی گەییشتە مۆسکۆ.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە دەم گەییشتنی بە مۆسکۆ لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران بۆ شی کردنەوەی ئامانجەکانی گەشتەکەی بۆ ڕووسیا وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە گۆڕانکارییەکانی ئۆکرانیا دۆخێکی تازەیە کە لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دا قەوماوە، وتیشی: ئێمە ڕاشکاوانە شەڕ ئیدانە دەکەین چ لە ئۆکرانیا بێت ، چ لە ئەفغانستان و یەمەن و یان ھەر ناوچەیەکی دیکەی جیھان، ئێمە بایکۆتەکانیش ئیدانە دەکەین، سەپاندنی بایکۆتی یەک لایەنە بە سەر وڵاتان و گەلان بە شێوازێکی نادروست دەزانین و لە سەر ڕێگاچارەی سیاسی بۆ کێشەی ئۆکرانیا چڕ دەبینەوە.

ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» ھەروەھا پێ و شوێن گرتنی دانوستانەکانی ڤییەنا بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانی بە ئامانجێکی دیکەی گەشتەکەی بۆ مۆسکۆ زانی و وتیشی: لە ڕادەربڕین و ھەواڵەکاندا وەھا بڵاو دەبێتەوە کە گوایە ئێمە ئەگەر لە ڤییەنا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی و ھەروەھا لایەنەکانی دیکەی ڕۆژئاوا ڕێک کەوین و بە ئەنجامی پێویست بگەین، لەوانەیە لە لایەن ڕووسیاوە بە سەرنجدانی ھێندێک لەو بابەتانەی کە لە میدیاکاندا بڵاو دەبێتەوە، پشتیوانیی پێویستمان لێ نەکرێت.

وتیشی: بە ھیواین کە لە وتووێژەکانی ئەمڕۆماندا بتوانین لە ئاراستەیەدا ھەنگاو ھەڵگرین کە ڕووسیا لەمەڕ ڕێککەوتنێکی باش و پاوەجێ و ھێزمەند لە ڤییەنا لە پاڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕابگرێت.

سەرپەیڤ