ئادار 19, 2022 21:53 Asia/Tehran
  • غەریب ئابادی: ناشێ لەبەر ڕێککەوتن لە ڤییەنا، دۆسیەی تیرۆری سەردار سولەیمانی پێ و شوێن نەگرین

سکرتێری بنکەی مافی مرۆڤ پێی داگرت: ناشێ لەبەر ڕێککەوتن لە ڤییەنا، پێ و شوێنی دۆسیەی تیرۆری سەردار سولەیمانی نەگرین.

«کازم غەریب ئابادی» سکرتێری بنکەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: کەس بۆی نییە لە بەر دانوستانی ناڤۆکی ڕەوتی پێ و شوێن گرتنی دۆسیەی تیرۆری سەردار سولەیمانی پەک پێ بخات.

وتیشی: لێژنەی ھاوبەشی لێکۆڵینەوەی نێوان عێراق و ئێران پێک ھاتووەو کارەکانیشی تەواو بووەو کۆبوونەوەش بەڕێوە چووەو لە ڕاستی دا چەندین بەیاننامەش دەر کراوە، ھێندێک بەڵگەش لە نێوان ھەردووک لادا ئاڵووێر کراوەو پتر لە ١٠٠٠ لاپەڕە بەڵگەی دیکەشمان لە عێراقییەکان وەرگرتووە.

«غەریب ئابادی» وتیشی: بە سەرنجدانی ئاستی باڵای قوربانیانی پێشێل کرانی مافی مرۆڤ لە ئێران کە لە ڕاستی دا لە ئەنجامی ھەنگاوەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمریکایە بە تایبەت لە بواری تیرۆریزم و بایکۆت دا، لانیکەم دەبێ لە ڕۆژێکدا دەیان سکاڵا ڕەوانەی دامەزراوەو میکانیزمەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ بکەین.

سکرتێری بنکەی مافی مرۆڤ وتیشی: ئەم ستەم لێکراوییەی جەماوەری ئێران دەبێ لە ڕاستی دا لای ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان زەق بکرێتەوە.

بە قسەی «غەریب ئابادی» لە ڕۆژێکدا ٨١ کەس لە عەرەبستاندا قەڵاچۆ کران و بوختانگەلێکیان بۆ کرا کە کاتێک لە پێکھاتەی ئەو کەسانە ڕادەمێنی بەس بابەتگەلی ئایدۆلۆژی و بڕوایی لە پێڕستەکەدا بەدی دەکرێت.

سکرتێری بنکەی مافی مرۆڤ وتیشی: زیاتر لە ١٧ ھەزار کەس لە جەماوەری ئێران دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە لایەن تاقمە جۆربەجۆرە تیرۆریستییەکانەوە لەوانە تاقمۆکەی ڕەشەکوژی مونافقین شەھید کراون کە دەکرێ ناوی دڕندایەتیی دژی مرۆڤایەتییان لێ بنرێت.

سەرپەیڤ