دیدارو وتووێژی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و قەتەر
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و قەتەر لە پەراوێزی کۆبوونەوەی دراوسێکانی ئەفغانستان لە شاری «تونشی»ی چین دیدارو وتووێژیان کرد.
«حسەین ئەمیرعەبدوڵڵاھییان» وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێ شەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی سیاسی بۆ بەشداری لە سێھەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان بەرەو شاری «تونشی»ی پارێزگای «ئان ھویی» لە ڕۆژھەڵاتی چین وەڕێ کەوت.
لە پەراوێزی ئەم دانیشتنەدا «حسەین ئەمیرعەبدوڵڵاھییان» وەزیری دەرەوەی ئێران و «شێخ موحەممەد بن عەبدۆڕڕەحمان ئالی سانی» یاریدەری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر سەبارەت بە کاروباری جێی سەرنجی ھەردووک لاو گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان دیدارو وتووێژیان کرد.
«شێخ موحەممەد بن عەبدۆڕڕەحمان ئالی سانی» یاریدەری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕۆژی سێ شەممەی حەوتەی ڕابردووش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەی دوایین گۆڕانکاری و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕەوشتی ناوچەکەو جیھان و ھەروەھا دانوستانەکانی ڤییەنا پێکەوە بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
«ئەمیر عەبدوڵڵاھییان» بەرلەم دیدارەو وتووێژ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاکستانیش لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان لە چین دیدارو وتووێژی کرد.