ڕەییسی: دڕندەکارییەکەی مەشھەد بە ھۆی تەکفیرییەکی سەربە ئەمریکا ئەنجامی گرت
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای ئیدانەکردنی دڕندەکارییەکەی نێو گڵکۆی پیرۆزی ئیمامی ڕەزا(ع) وتیشی: بە دڵنیاییەوە ئەم ڕووداوە ناخۆشە بە ھۆی کەسێکی لادەرو لەژێر باندۆری تاقمە تەکفیرییە ئەمریکییەکاندا ئەنجامی گرتووە.
«سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، ڕووداوەکەی دوێنێی لە گڵکۆی پیرۆزی ئیمامی ڕەزا(ع) کە مەکۆی تەواوی مرۆڤە بیرئازادەکانی جیھانە بەبێ جیاوازیی ئایین و ئایینزا، بووە ھۆی پەرۆشی و دڵبرینداریی من و تەواوی ھۆگرانی ئەم ئیمامە دلۆڤانە.
ڕەییسی وتیشی:بە دڵنیاییەوە ئەم ڕووداوە ناخۆشە کە بە ھۆی کەسێکی لادەرو لەژێر باندۆری تاقمە تەکفیرییە ئەمریکییەکاندا ئەنجامی گرتووە، دەبێتە ھۆی یەکگرتوویی و یەکانگیر بوونی زیاتری ھۆگرانی ئیسلام و ئێرانی ئیسلامی و ڕیسوا بوونی ڕەوتە لادەرەکان.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وەزارەتی ئیتیلاعاتی وڵاتی ڕاسپارد کە بە ھاریکاریی تەواوی پێکھاتە پەیوەستەکان ھەرچی خێراتر تەواوی ھۆکارانی ڕووداوەکەی دوێنێی مەشھەد ناس کات و بیانخاتە بەر پەیگەڕو دەرەنجامەکەشی بۆ خەڵک ڕوون کاتەوە.
ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە کەسێکی تەکفیری لە حاسەی پێغەمبەری ئەعزەم(ص)ی گڵکۆی ئیمامی ڕەزا(ع) لە مەشھەدی پیرۆز بە چەقۆ ھێرشی کردە سەر سێ مامۆستای ئایینیی زیارەتکار کە لە ئەنجام دا یەک کەسیان لەبەر خەست بوونی برینەکەی ھەر لە شوێنی ڕووداوەکە شەھیدو دوو کەسەکەی دیکەش بریندار بوون و گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
ھێرشبەرەکەش بە یارمەتیی ھێزی پۆلیس و یەکەی پاراستن قۆڵبەست کراوەو لە ئێستادا سپێردراوە بە بەرپرسانی ئیتیلاعات و ئاسایشتی وڵات.