نیسان 27, 2022 22:34 Asia/Tehran
  • شەمخانی لە دیدار لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق:سەقامی سیاسی و ئاسایشتی پاوەجێ لە عێراق دا بە قازانجی ناوچەکەیە

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دیدار لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێی داگرت: سەقامی سیاسی و ئاسایشتی پاوەجێ لە عێراق دا بە قازانجی ناوچەکەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانی، دەریاوان «عەلی شەمخانی» سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران،  ڕۆژی چوارشەممە لە دیدار لەگەڵ «موحەممەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وێڕای ئاماژە کردن بە پەیوەندیی نەپچڕاوەی ڕۆشنبیری، سیاسی و ئاسایشتیی نێوان ئێران و عێراق وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیی ئەوەی ھەیە کە ھەروەکو ڕابردوو لە تەواوی بارستاییەکانی خۆی بۆ وەدی ھاتنی خواست و ویستی جەماوەری عێراق کەڵک وەربگرێت.

«شەمخانی» وێڕای ئاماژە کردن بە ھێندێک ھەنگاوی قەبوڵ نەکراو کە لە نێو خاکی عێراقەوە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران ھەڵدەگیردرێت، وتیشی: ئێران بە لەبەر گرتنی ھەڵوێستی زیرەکانە لە ھەمبەر ھەڕەشەو گوڕەشەکان، وێڕای چاودێریی تۆکمەوتەواوی جوڵەی دەستوەردەرانەی ڕژێمی زایونی و ئەمریکاو ڕەوتەکانی پێوەبەستراویان بەوپەڕی دەستەڵاتەوە بەرامبەر بە ھەرچەشنە ھەنگاوێک کە بیھەوێ زەبر لە ئاسایشتی ئێران و ناوچەکە بوەشێنێ، کاردانەوەیەکی خێراو لێبڕاوانە پیشان دەدات.

«شەمخانی» وتیشی: ھاوکاریی ھەمەلایەنە بۆ پێکھێنانی عێراقێکی ھێزمەند، دەوڵەمەند، گەشەدارو پاوەجێ لە دراوسێتی ئێراندا، سیاسەتی ھەمیشەیی و گۆڕان ھەڵنەگری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش وێڕای ئاماژە کردن بە ھەڵوێستی دژە ئیسرائیلیی دەوڵەت و گەلی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە، پەرلەمانی عێراق خەریکی ئامادە کردنی پرۆژەیاسایەکە بۆ بە تاوان زانینی ھاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دا ھەتا لەم ڕێگایەوە پێش بە ھەرچەشنە ھەنگاوێکی شیمانەیی لەم ئاراستەیەدا بگرێت.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتیشی: ئێران لە بەر کنە مەعنەوییەکەی لە نێو ھێندێک لە کۆتلە ئایینی و سیاسییەکانی عێراق دەتوانێ ڕۆڵێکی کارای لە پێکھێنانی یەکگرتوویی سیاسی لەم وڵاتەدا ھەبێت.

سەرپەیڤ