نیسان 28, 2022 00:29 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: پەرلەمانی تازەی عێراق لە یەک ھێزمەندکردنی تاران و بەغدا ڕۆڵێکی کارای ھەیە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی: پەرلەمانی تازەی عێراق دەتوانێ ھەروەکو ڕابردوو لە ھاوپشتی و یەک ھێزمەند کردنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئێران و عێراق ڕۆڵێکی کاراو گرینگی ھەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە لە دیدار لەگەڵ «موحەممەد حەلبوسی» سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وێڕای ئاماژە کردن بە پێشینەی چەندھەزار ساڵەی دۆستایەتی و دزاوسێیەتیی ئێران و عێراق وتی: ھەردووک وڵات بۆ گەشە پێ دانی ھەمەلایەنەی پەیوەندییەکان مکوڕن و ھیچ ھۆکارێکیش ناتوانێ پەیوەندیی قوڵ و دۆستانەی ھەردووک نەتەوەی ئێران و عێراق تێک بدات.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە ئاستی دڵخوازی ھەڵس و کەوتی پەرلەمانەکانی ئێران و عێراق وتیشی:پەرلەمانی عێراق دەتوانێ ببێتە شوێنێک بۆ پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانی پەرلەمانیی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە ھیچ جۆرە یارمەتی دانێک لەم بوارەدا خەمساردی نانوێنێ.

ڕەییسی وێڕای پیرۆز کردنی ھەڵبژێردرانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەم پۆستە، وتی: بەھیوام ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە لێک گەیین و ھاودڵی، ھەرچی خێراتر بە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پێکھێنانی کابینە ھەم یارمەتیی چارەسەریی گرفتەکانی خەڵکی عێراق بدەن و ھەم پەیوەندیی ھەمەلایەنە عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران بەربڵاوتر ببێت.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی یەکگرتوویی و یەکانگیر بوونی ڕەوت و ھۆزە جۆربەجۆرەکانی لە عێراق دا بە ڕەمزی سەرکەوتنی ئەم وڵاتە ھێنایە ئەژمارو وتیشی: دروست بوونی کەلێن لە نێوان و یان لەنێوخۆی ئایینزاو ھۆزەکان، دەبێتە ھۆی پێدزەی دوژمن و قوربانی بوونی بەرژەوەندییەکانی وڵات.

ڕەییسی جەختی لەوەش کردەوە کە، ھیوادارم پەرلەمانی عێراق بە پەسەند کردنی یاساوڕێسای پێویست ڕێگر بێت لە بەردەم دروست بوونی ھۆکاری ھەڕەشەی ئاسایشتی لە دراوسێکان و تێکدرانی سەقامی ناوچەکە.

«موحەممەد حەلبوسی» سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقش لە دیدارەکەدا وێڕای پێداگرتن لە سەر پێویستیی بەردەوامی و ھێزمەند بونی پەیوەندیی دۆستانەی ھەردووک نەتەوەکەی ئێران و عێراق، وتیشی: ساڵانێکی دژوارو ئاستەنگمان وەپشت سەر ناوەو دەبێ بە ھاوکاری و یەک ھێزمەند کردن پێکەوە داھاتوویەکی جیاواز بۆ گەلەکانمان پێک بھێنین.

 

سەرپەیڤ