May 12, 2022 20:38 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی: دەستوەردانی وڵاتانی بیانی بۆ ئاسایشتی ناوچەکە زیانبارە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی: ھەرچەشنە دەستوەردانێکی بیانی بە زیانی ئاسایشتی ناوچەکەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ «شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی» میری قەتەر وێڕای ئاماژە کردن بە کاروباری ناوچەکە وتیشی: دەستوەردانی وڵاتانی بیانی و ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا دەستەبەری ئاسایشت ناکات.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە تاران و دەوحە لە بارەی چارەسەریی کاروباری ناوچەکە بیروڕایەکی ھاوبەشیان ھەیە، وتیشی: گەمارۆی یەمەن دەبێ ھەرچی زووتر بشکێت و خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ نیشتیمانی خۆیان بڕیار بدەن.

ڕەییسی وتیشی: جەماوەری ئەفغانستانیش دەبێ لە بارەی وڵاتی خۆیانەوە دەوڵەتێکی گشتداگریان ھەبێت کە بتوانێ تەواوی تاقمە سیاسی و ھۆزەکان بگرێتەوەو ئاسایشتێکی پاوەجێ لەم وڵاتە دامەزرێت.

سەرۆکی ھێری بەڕێوەبەرایەتیی ئێران ھەروەھا لە بارەی فەلەستینەوە وتی: گەمارۆی خەڵکی کەرتی غەززە دەبێ ھەڵوەشێتەوەو ئەو دڕندەکارییانەی کە بەھۆی ڕژێمی زایونییەوە ئەنجام دەگرن، کۆتایی پێ بێت.

ڕەییسی وێڕای سەرەخۆشی کردنی شەھید بوونی خاتوو «شیرین ئەبو عاقیلە» پەیامنێری فەلەستینی کە ڕۆژی ڕابردوو بە زەبری گولەی لەشکریانی ئیسرائیلی شەھید بوو، پێی داگرت: ئاوا تاوانگەلێک قەت ناتوانێ ئاسایشت بۆ ڕژێمی زایونی بەدی بێنێ، بەڵکو ئاوا تاوانگەلێک بەس ڕق  و بێزاریی گشتی بەرامبەر بە دڕندەکارییەکانی ڕژێمی زایونیی زیاتر پەرە پێ دەدات.

«شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی» میری قەتەریش وتی: چارەسەریی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە  ھیچ ڕێگایەکی بێجگە لە وتووێژی کارا نییەو لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران لە بارەی فەلەستین ، سووریا، عێراق و یەمەن قسەمان کردووە.

میری قەتەر پێشی داگرت: پەیوەندیی ئێران و قەتەر پەیوەندییەکی پتەوو پاوەجێیەو لە سەر بنەمای دراوسێیەتییەو گەشتەکەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ قەتەر ھەنگاوێکە لە ئاراستەی ھێزمەند کرانی زیاتری پەیوەندییەکانی دوو وڵات.

«شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی» میری قەتەرئەمڕۆ پێنج شەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی پایەبەرزی سیاسی و ئابووری بە مەبەستی دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران گەییشتە تاران و لە لایەن «موحەممەد موخبیر» یاریدەری یەکەمی سەرۆک کۆمارەوە پێشوازیی لێ کرا.

سەرپەیڤ