May 19, 2022 12:37 Asia/Tehran
  • ھاوکاریی ئێران و عێراق بۆ بەرنگار بوونەوەی خۆڵبارین

سەرۆکی ناوەندی کاروباری نێونەتەوەیی و کۆنوانسیۆنەکانی ڕێکخراوەی پاراستنی ژینگەی ئێران لە دیدار لەگەڵ باڵوێزی عێراق لە تاران لە سەر ھێزمەند کرانی ھاوکاریی نێوان دوو وڵات بە مەبەستی بەرنگار بوونەوەی خۆڵبارین پێی داگرت.

«سەیید حسەین موسەوی فەڕ» سەرۆکی ناوەندی کاروباری نێونەتەوەیی و کۆنوانسیۆنەکانی ڕێکخراوەی پاراستنی ژینگەی ئێران لەگەڵ «نەسیر عەبدولحسەین عەبدوڵڵا» باڵوێزی عێراق لە تاران دیدارو وتووێژی کرد.

«موسەوی فەڕ» لەم دیدارەدا وتی: بە ھیواین ئەم دانیشتنانە پێشەکییەک بێت بۆ بەشداریی چالاکانە لە بواری ژینگەی دوو وڵات و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە بۆ چارەسەریی گرفتی خۆڵبارین کە لەم ڕۆژانەدا بە چڕی دەبیندرێت، بە بەرنامەو ھاوکاریی نێونەتەوەیی بڕواتە پێشەوە.

سەرۆکی ناوەندی کاروباری نێونەتەوەیی و کۆنوانسیۆنەکانی ڕێکخراوەی پاراستنی ژینگەی ئێران وتیشی: ئامادەیی ئەوەمان ھەیە کە ھەرچی خێراتر ھەنگاوی کردەیی و کارا کە بە قازانجی ھەردووک نەتەوەکە بێت، ھەڵگیردرێت.

ھەر لە دانیشتنەکەدا باڵوێزی عێراق لە تارانیش وێڕای ستایشی پێشەنگ بوونی ئێران لەمەڕ چارەسەریی گرفتە باسکراوەکانی پەیوەست بە خۆڵبارین، ڕاپۆرتێکی لە بارەی ڕەوشتی چۆمەکان و ئەو بابەتانەی کە لەوانەیە لە دیاردەی خۆڵبارین دا کاریگەر بێت، ئاراستە کرد.

وتیشی: عێراق لە بارەی خۆڵبارینەوە زیاترین زیانی بەرکەوتووەو ھەر ئەمەش کاربەدەستانی ئەم وڵاتە ھان دەدات بۆ ئەوەی ھەنگاوێکی بەرایی بۆ بەرنگار بوونەوەی دیاردەی خۆڵبارین ھەڵگرن کە یەک لەوانە چاندنی نەمامە لە قەواخی پشتێنێکی سەوزدا کە لە تەواوی شارەکانی عێراق ڕاپەڕاندنی دەستی پێ کراوە.

سەرپەیڤ