May 27, 2022 11:54 Asia/Tehran
  • پەیامی سەرەخۆشیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی دوابەدوای کارەساتەکەی ئابادان

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆرشی ئیسلامی لە پەیامێکدا گیان سپاردنی کۆمەڵێک لە شارومەندانی ئێرانی لە کارەساتی داتەپینی بینایەک لە شاری ئابادان لە پارێزگای خوزستانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران سەرەخۆشیی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆرشی ئیسلامی لە پەیامەکەی دا وێڕای سەرەخۆشی کردنی ئەم کارەساتە لە لێقەوماوانی ڕووداوەکە، فەرمانی دایە بەرپرسان و کاربەدەستان وێڕای دەستبەجێ جوڵانەوە بۆ کەم کردنەوەی ڕادەی زیان و قوربانییەکان، تاوانبارانی ڕووداوەکە بخەنە بەر پەیگەڕو بە شێوەیەکی جێی پەند سزایان بدەن ھەتا پێش بە دووپات بوونەوەی وەھا کارەساتگەلێک بگیردرێت.

دەقی پەیامەکەو فەرمانی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی کە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لە کۆبوونەوەی لوتکەیی دەوڵەت بە ئامادە بوونی سەرۆک کۆماری ئێران و بە تەوەرەی تاوتوێ کردنی ڕاپۆرتی شاندە ڕەوانەکراوەکان بۆئابادان و پێ و شوێن گرتنی دوایین ھەوڵەکان بەڕێوە چوو، خوێندرایەوە.

لە پەیامەکەی ڕابەری مەزنی شۆرشی ئیسلامی دا ھاتووە:

بسم الله الرحمن الرحیم

کارەساتە دڵتەزێنەکەی ئابادان جیا لە پێویستیی دەستبەجێ جوڵانەوەو کەڵک وەرگرتن لە تەواوی بارستاییەکان بۆ کەم کردنەوەی ڕادەی زیان و قوربانی کە ئێستا لە پلەی یەکەمی گرینگایەتی دایە، ئەرکی پەیگەڕو دۆزینەوەی تاوانبارانی ڕووداوەکەو بە شێوەیەکی جێگای پەند سزادانیان بە ھاوکاریی ھێزی دادەڤانی و ھەروەھا ھەوڵدانی بەربڵاو بۆ پێشگرتن بە دووپات بوونەوەی لە تەواوی ناوچەکانی وڵات بە ئەستۆی تەواوی بەرپرسانی وڵاتە. بە پێویستی دەزانم وێڕای ستایش کردنی چالاکیی چەند ڕۆژەی بەرپرسانی دەوڵەت، داوای بە دواداچوون و پێ و شوێن گرتنی تۆکمەوتەواوو زیاتریان لێ بکەم لەم بارەیەوە. لە لێقەوماوانی کارەساتەکەش سەرەخۆشی دەکەم و تاقەت و پشوودرێژو پاداشتیان لە خودا بۆ دەخوازم.

                سەیید عەلی خامەنەیی

ڕۆژی دووشەممە بەشگەلێکی بینای دە نھۆمیی ئیداری و بازرگانیی «مترۆپۆل» لە شەقامی «ئەمیری»ی ئابادان داڕووخا.

لەم کارەساتەدا ١٩ کەس کوژران و پتر لە ٣٠ کەسیش بریندار بوون. لەو ڕۆژەوە ھەتا ئێستا فریاگوزاران ھەروا خەریکی چالاکی نواندنن ھەتا ئەوانەش کە لەوانەیە لەژێر داروپەردوودا ماونەتەوە ڕزگار کەن.

 

سەرپەیڤ