حوزه‌یران 03, 2022 13:13 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: سیفر بوونی ڕێژەی گیان لە دەست دان بە کۆرۆنا لە سای پشت بەستن بە توانایی نێوخۆیی مسۆگەر کرا

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە سیفر گەییشتنی ڕێژەی گیان لە دەست دان بە کۆرۆنای لە ئێراندا ، ئەویش سەرباری بوونی ئەو ھەموو بایکۆتە ستەمکارانەیە، بە دەستکەوتێکی گرینگ و پشتبەستوو بە توانایی نێوخۆیی زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی دوێنێ پێنج شەممە لە پەیامێکدا وێڕای ئاماژە کردن بە سیفربوونی ڕێژەی گیان لە دەست دان بە کۆرۆنا لە ئێراندا نووسی: ئەم دەستکەوتە گەورەیە لە ھەل و مەرجێکدا مسۆگەر کراوە کە ئێران لە لایەن ھێندێک لە ھێزەکانی بانگەشەکاری مافی مرۆڤ تەنانەت بۆ ھاوردەی داوودەرمان و کەرەستەی پزیشکی و تەندروستیش بۆ بەرنگار بوونەوەی ئەم نەخۆشییە ڕووبەڕووی بایکۆتی ستەمکارانەی بەرفراوان ببووەوە.

ڕەییسی بە دەربڕینی ئەمەی کە لە سای متمانەو پشتبەستن بە توانایی و بارستاییە نێوخۆییەکان و ھەوڵ دان و فیداکاریی بێ وچانی کادێری دەرمان و کوتانی گشتی لەم بوارەدا سەرکەوتنی گەورە بۆ ئێران مسۆگەر کرا، وتیشی: ئێران چووەتە ڕیزی وڵاتانی ھەڵکەوتە لە بواری بەرپەرچ دانەوەو چارەسەریی نەخۆشیی کۆرۆنا.

«بەھرام عەینوڵڵاھی» وەزیری تەندروستی، دەرمان و فێرکاریی پزیشکیی ئێرانیش ڕۆژی پێنج شەممە لە توییتێکدا نووسی: دوای دوو ساڵ و ١٠٠ ڕۆژ بەرخۆدانی گەلی ھێزمەندی ئێران لە ھەمبەر کۆرۆناو لە کاتێکدا کە لە ئەمریکاو ئەورووپا ڕێژەیەکی باڵا بڵاو دەکرێتەوە، ئێران یەکەم ڕۆژی بە بێ گیان لە دەست دان بە کۆرۆنای تاقی کردەوە.

جێگای ئاماژەیە،دوای تێپەڕینی پتر لە دوو ساڵ لە تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا، بە کوتانی گشتی و ھاوکاریی خەڵک لەگەڵ بەرپرسان و بە پێی ڕاگەیاندنی ڕۆژی پێنج شەممەی ناوەندی پەیوەندیی گشتیی وەزارەتی تەندروستی، دەرمان و فێرکاریی پزیشکیی ئێران، ڕێژەی گیان لە دەست دان بە کۆرۆنا گەییشتە ژمارەی سیفر.

سەرپەیڤ