حوزه‌یران 04, 2022 02:37 Asia/Tehran
  • ساڵگەڕی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری مەزنی کۆماری ئیسلامیی ئێران

ئەمڕۆ شەممە چواردەی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١ی کۆچیی ھەتاوی و چوارەمی زیقەعدەی ساڵی ١٤٤٣ی کۆچیی مانگی و چوارەمی ژوئەنی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی ڕێککەوتە لەگەڵ ساڵگەڕی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری مەزنی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

٣٣ ساڵ لەمەوپێش لە وەھا ڕۆژێکدا «ڕوحوڵڵا موسەوی خومەینی (رە)» ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دوای ٨٧ ساڵ ژیانی پر لە ھەوڵی ماندوویی نەناسانە ماڵئاوایی لە ژیان کردو بە دیداری حەق شاد بووەوە.

ئیمام خومەینی (رە) خەباتی خۆی لە ساڵی ١٣٤٢ی کۆچیی ھەتاوی دژی ڕژێمی ملھوڕی شا و دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە ئێراندا دەست پێ کردو سەرەنجام بە ھۆی ڕژێمی پاشایەتییەوە بەرەو تورکیاو پاشان عێراق دوور خرایەوە.

ئیمام خومەینی (رە) لە پاش ١٣ساڵ دوور خرانەوە بەرەو عێراق، جیا لە گۆشکردنی شاگردانێکی زۆر، دەستی کرد بە لەقاودانی ناوەڕۆکی گەندەڵی ڕژێمی شاو تەماحکارییە ناڕەواکانی ئەمریکا لە ئێران و بە دەرکردنی ئاگاداری نامەی ڕوناکایی بەخش، بەستێنی بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی خۆش کرد.

سەرەنجام لەپاش بە لوتکە گەییشتنی خەبات و ھیجرەتی ئیمام بۆ فەرەنساو ئینجا گەڕانەوەی شکۆمەندانەی بۆ ئێران، شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی کۆچیی ھەتاوی بە یەکجاری سەرکەوت.

لەپاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، سەرباری پیلانی زلھێزان و دئوژمنانی نێوخۆیی و دەرەوەیی شۆڕشی ئیسلامی لەوانە شەڕی داسەپاوی ڕژێمی بەعسی عێراق دژی ئێران، ئیمام خومەینی (رە) لە ھەل و مەرجی سەخت و دژواری ئەو سەردەمە، جەماوەری ئێرانی بەوپەڕی تەگبیرمەندی و بوێرییەوە ڕابەرایەتی کرد.

لە ئێستادا نەریتی سی و سێھەمین ساڵگەڕی کۆچی دوایی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی دوای دوو ساڵ مەودا تێ کەوتن لە بەر تەشەنای ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمساڵ وێڕای ڕەچاو کردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان لە گڵکۆی پاکی ئەو حەزرەتە بەڕێوە دەچێت.

ئەم نەریتە لە کاتژمێر ٩ ی بەیانی بە کاتی تاران دەست پێ دەکات و ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی لە ڕێ و ڕەسمی ساڵگەڕی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە) وتارێک ئاراستە دەکات کە ھاوکات بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران بڵاو دەبێتەوە.

سەرپەیڤ