حوزه‌یران 16, 2022 15:43 Asia/Tehran
  • وتووێژی تەلەفۆنیی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عێراق لە بارەی بابەتە جێی سەرنجەکانی دوو لایەنەو ناوچەیی و نێونەتەوەیی بیروڕایان گۆڕییەوە.

«حسەین ئەمیرعەبدوڵڵاھییان» وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق، وێڕای ڕێزگرتن لە ھەوڵەکانی دەوڵەتی ئەو وڵاتە لەمەڕ ئاسانکاری بۆ وتووێژی پەیوەست بە بەشداریی حاجییەکانی ئێران لە حەججی ئەمساڵ دا، ھیوای خواست بە ھەوڵی بەرپرسانی حەججی عەرەبستانی سەعودی، فەرزی تەمەتوع بە باشی و بەبێ ھیچ گرفتێک بۆ حاجییەکانی تەواوی وڵاتانی ئیسلامی لەوانە حاجییەکانی ئێران بەجێ بھێندرێت.

ئەمیر عەبدوڵڵاھییان لە بارەی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیازیش وتی: ھەڵسەنگاندنی تاران لە دوو خولی ئەم دواییەی دانوستانەکان لە بەغدا ئەرێنییەو کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاپەڕێندرانی دەرەنجامی دانوستانەکانی نێوان ھەردووک لا پێشوازی دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە گەشتەکەی ئەم ئواییەی وەزیری نێوخۆی عێراق بۆ تاران و ڕێککەوتنەکانی پەیوەست بە ھاتوچۆی زەوینیی زیارەتکارانی ئەربەعینی حسەینیش ھیواداریی دەربڕی مە لە کردنەوەی سنوورە زەوینییەکان پەلە بکرێت.

«فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراقیش وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین لە ڕەوتی وتووێژەکانی ئێستای نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان، لە سەر خواستی دەوڵەتی عێراق لە بواری بەردەوام کردنی ئاسانکاری بۆ دامەزرانی وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ھەردووک وڵات و گەڕانەوەی پەیوەندییەکان بۆ باری ئاسایی پێی داگرت.

وەزیری دەرەوەی عێراق ھەروەھا ئامادەیی عێراقی بۆ ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنەکان لە پەیوەندی لەگەڵ کرانەوەی سنوورە زەوینییەکان و ھاتوچۆی زیارەتکاران لەوانە لە کاتی ئەربەعین دا پێی داگرت.

سەرپەیڤ