میدڵ ئیست نیوز : سبەی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تاران دەکات
ئاژانسی میدل ئیست نیوز بڵاویکردەوە، سبەی یەکشەممە ( 26ی حوزەیران) مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەشتی تاران دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ماڵپەڕی "میدل ئیست نیوز" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند: "مستەفا کازمی" بە گەشتێکی ڕانەگەیەندراو دەگاتە تاران.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، تا ئێستا وردەکاریی ماوەی گەشتەکەی مستەفا کازمی و کارنامەی ئەم گەشتە ڕانەگەیەندراوە.
هەواڵە تایبەتەکەی ماڵپەڕی عێراقیی "میدڵ ئیست نیوز" لە چوارچێوەی ئەم گەشتەدا لە کاتێک دا بڵاوکرایەوە کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەرپرسانی بەغدا و تاران باسیان لە پرسگەلێکی وەک هاتنی زیارەتکارانی ئەربەعین و پرسی دانەوەی پێدانی قەرزی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ ئێران کردبوو.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، قەرزە دواکەوتووەکانی ئێران بۆ هاوردەکردنی وزە دراوەتەوە و بەغداش ڕاوێژکاری دەکات بۆ زیادکردنی هاوردەی گاز لە ئێرانەوە.