ته‌مووز 19, 2022 15:25 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: ھێرشی سەربازی بۆ سەر سووریا بە زیانی وڵاتانی ناوچەکەو بە قازانجی تیرۆریستانە

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر پارێزرانی سەروەریی سووریا، وتیشی: ھەرچەشنە ھێرشێکی سەربازی لە باکووری سووریا بە دڵنیاییەوە بە زیانی تورکیا، سووریاو تەواوی ناوچەکەو یبە قازانجی تیرۆریستان دەبێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ سێ شەممە لە دیداری «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سرۆک کۆماری تورکیاو شاندەکەی ھاوڕێی، وێڕای پێداگرتن لە سەر پەرە پێ دانی ھاوکاریی نێوان دوو وڵات بە تایبەت ھاوکاریی بازرگانی، ڕژێمی زایونیی وەک ھۆکاری سەرەکیی پێکھێنانی دووبەرەکی لە نێوان وڵاتانی ئیسلامی ناساندو وتیشی: ئەمریکاو ڕژێمی داگیرکەری زایونی ناتوانن پێش بە جوڵانەوەی قوڵی فەلەستینیەکان بگرن.

بەڕێزی سەربەرزی و مەزنایەتیی ئوممەتی ئیسلامیی لە گرێوی پەڕینەوە لە جیاوازیی سەلیقەیی و وریا بوون لە ھەمبەر سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە زانی و وتیشی: لەو ھۆکارانەی دروست بوونی ناکۆکی و دوژمنایەتی لە ناوچەکەدا ڕژێمی داگیرکەری زایونییە کە ئەمریکاش داکۆکیی لێ دەکات.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی،فەلەستینی بە پرسی یەکەمی جیھانی ئیسلام زانی و پێی داگرت: سەرباری ھۆگریی ھێندێک لە دەوڵەتەکان بە ڕژێمی زایونی ،نەتەوەکان لە قوڵایی دڵەوە نەیاری ئەم ڕژێمە داگیرکەرەن.

بەڕێزی تیشکی خستە سەر ئەمەش کە نابێ پشت بە ئەمریکاو ڕژێمی زایونی ببەسترێت، وتیشی: ئەمڕۆ نە ڕژێمی زایونی، نە ئەمریکاو نە ئەوانی دیکەش ناتوانن پێش بە جوڵانەوەی قوڵی فەلەستینییەکان بگرن و دەرەنجامی کارەکە بە قازانجی جەماوەری فەلەستین دەبێت.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە وەڵامی داخوازیی سەرۆک کۆماری تورکیا لە بارەی ھاوکاریی ئێران بۆ خەباتی دژی تاقمە تیرۆریستییەکان ، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەباتی دژی تیرۆریزم بە دڵنیاییەوە ھاوکاریی تورکیا دەکات.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئاسایشتی تورکیاو سنوورەکانی ئاسایشتی ئێرانە، وتیشی: تورکیاش دیارە دەبێ ئاسایشتی سووریا بە ئاسایشتی خۆی بزانێت.

بەڕێزی ھەروەھا  بارستایی و کوالیتی ئاڵووێرو ھاوکاریی ئابووریی ئێران و تورکیای بە زۆر کەمتر لە بارستایی و توانایی ئێستا زانی وپێی داگرت: ئەم بابەتە دەبێ لە دانوستانی سەرۆک کۆمارانی ھەردووک وڵات چارەسەر بکرێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی پەرەسەندنی ھاوکارییەکانی نێوان ئێران و تورکیا لە تەواوی پرسەکانی ناوچەکەدا بە کەڵکمەندو پێویست زانی و وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام لە دەوڵەتی تورکیا لە بواری نێوخۆیی و لە بەرامبەر دەستوەردانی بیانییەکان پشتیوانیی کردووە.

 

 

سەرپەیڤ