ته‌مووز 28, 2022 19:59 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: بچوکترین دەستدرێژی بۆ سەر خاکی ئێران ڕووبەڕووی وەڵامێکی گوڕچکبڕ دەبێتەوە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی: ھەمووان دەبێ بزانن بچوکترین دەستدرێژی بۆ سەر خاکی ئێرانی ئیسلامی ڕووبەڕووی وەڵامی گوڕچکبڕو پەژیوان کەرەوەی ئێمە دەبێتەوە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بەیانیی ئەمڕۆ پێنج شەممە بە دەم سیھەمین گەشتی پارێزگاکانی گەییشتە پارێزگای ھەمەدان لە ڕۆژئاوای ئێران.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە نێو ئاپۆڕەی ئەفسەران و بنەماڵەی کارگێڕانی بنکەی ڕاوکەری ئاسمانیی شەھید «نۆژە»ی ھەمەدان لە ڕۆژئاوای ئێران وتی: بەو دەستەڵاتەی ئەمڕۆی ئێرانی ئیسلامییەوە تەنانەت بیری بەزاندنی سنووری خاکی ئێرانیش بە زەینی کەس دا تێناپەڕێ و گەلانی ناوچەکە شانازی بە دەستەڵاتی ئێرانەوە دەکەن و لە بەر ئەم ھێزمەندی و دەستەڵاتەش ھەست بە ئاسایشت دەکەن.

ڕەییسی بە دەربڕینی ئەمەی کە پێشکەوتنە سەربازییەکان بووەتە ھۆی بەرھەمھێنانی دەستەڵات و ھێزمەندی لە وڵات دا، وتیشی: دوژمن چاودێریی جم و جوڵ و خۆسازدانی ھێزە چەکدارەکان دەکات، بەم پێیە نەک ئەوەی کە بە تەما نەبێ دژی ئێمە بجوڵێتەوە، بەڵکو پێی ناکرێت، چونکو لە نێو ھێزە چەکدارەکانی ئێمە توانایی و ئامادەمەندیی دەستبەجێ لە ئاستێکی باڵادایە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە گرینگیی ئامادە بوونی ھێزە چەکدارەکان لە ئاوە ئازادو نێونەتەوەییەکاندا، ئەم کارەی بە ئاسایشت ھێنا و دەستەڵات ھێن ھانی و وتیشی: ئەمڕۆ لە وڵات دا گیرۆدەی شەڕ نین، بەڵام ئەرتەش و سپای پاسداران لە سێڵاوو بوومەلەرزەو کۆرۆنادا خزمەتی خەڵک دەکەن و ئەرتەش و سپای پاسداران لە ئێستادا لە تەنیشتی خەڵکدان.

سەرپەیڤ