ئاب 30, 2022 04:27 Asia/Tehran
  • جەختی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەسەر چارەسەرکرانی کێشە نێوخۆییەکانی عێراق لە چوارچێوەی یاسادا

وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ھێوری و پارێزرانی یه‌کڕیزیی نیشتمانی و ڕێزگرتن له‌ دامه‌زراوه‌ یاساییه‌کانی لە عێراق دا به‌ گرینگ وه‌سف کرد و له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ بەرباسەکانی نێوخۆی ئەم وڵاتە له‌ چوارچێوه‌ی یاساو پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی عێراق پێی داگرت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، ڕۆژی دووشەممە «حسەین ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری کاروباری کۆماری ئیسلامیی ئێران و «فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە دوایین ڕەوشی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان وتووێژیان کردو بیروڕایان گۆڕییەوە.

لە دیدارەکەدا «ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وێڕای ڕەزامەندی دەربڕین لە پەیوەندییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاجیاکانی هاوکاری و جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ڕاپەڕاندنی ئەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە، بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە بازرگانی وئابوورییەکان و کەڵکوەرگرتن لە بارستاییە بەربڵاوەکانی ئێستای لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی هەردوو وڵات بە ئەوبەرایەتییەکی گرینگ زانی و، ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکان، گواستنەوەی ڕاستەوخۆو تەواوکردنی هێڵی ئاسنی بەسرە-شەلەمچە و یارمەتی دانی کارای پەرە پێدانی گەشتیاری و قەبارەی ئاڵوگۆڕەکانی بۆ گەییشتن بە ئاستێکی بەرزتری هاوکاری وھەروەھا بەکارھێنانی بارستاییەکانی هەردووک لای بە قازانجی دوو وڵاتی ئێران و عێراق لێکدایەوە.

بەڕێزی هەروەها لەم دیدارەدا میوانداریی باشی حکومەت و گەلی عێراقی لە زیارەتکارانی ئەربەعینی حسەینی بەرز نرخاندو باسی ئەو هەوڵانەشی کرد کە لە هەردوو وڵاتدا دراون بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو لە ئاراستەی بەڕێوەچوونی ڕێک و پێکی ئەم بۆنە مەزنە.

ھەر لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراقیش پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بە گرنگ زانی و وێڕای بە بەرزنرخاندنی بۆچوونی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری پێشهاتەکانی نێوخۆی عێراق،ھەنگاوە کردەییەکانی دەوڵەتی عێراقی سەبارەت بە زیارەتی ئەربەعین و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی نێوخۆی عێراق شی کردەوە.

«فۆئاد حسەین» ئاسایشی ئێران و عێراقی بە پێکەوە گرێدراو زانی و جەختیشی کردەوە: وڵاتەکەی رێگانادات لە نێوخاکی عێراقەوە هەڕەشە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێت.

هاوکاری لە بواری ئاسایشتی، بە تایبەت پێشگرتن بە کردەوەی تاقمە نەیارو جودایی خوازو تیرۆریستەکان لە خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھێندێک ناوچەی سەرسنوور، بەرز نرخاندنی ھەوڵی ئاسانکاریی عێراق لەمەڕ بەڕێوەچوونی حەججی ئەمساڵ بۆ زیارەتکارانی ئێرانیی بەیتوڵڵاھولحەرام، رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات لە بواری دامەزراندنی کونسوڵخانە لە دوو پارێزگای موسڵ و ئەسفەهان، شرۆڤەی دوایین دۆخی گفتوگۆکانی پەیوەست بە هەڵوەشانەوەی بایکۆتەکان، بابەتگەلی کونسولیی پەیوەست بە زیارەتکارانی ئەربەعینی سەر بە وڵاتانی دراوسێ، ڕەوشتی زیارەتکارێکی ئێرانیی قۆڵبەستکراو لە عەرەبستانی سەعودی، پێشهاتە گرینگەکانی ناوچەکە و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی دەڤەری کەنداوی فارسیش لەو بابەتانەی دیکە بوون کە لە دیدارەکەدا باسیان لێوە کرا.

سەرپەیڤ