ئاب 30, 2022 10:53 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: هێزمەند کرانی پەیوەندییەکانی عەرەبستان لەگەڵ ئێران بە قازانجی  ئاسایشی ناوچەکەیە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی دەستپێشخەری و ھەنگاوەکانی عێراق بۆ باشترکردنی کەشی هاوکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکه به بێ دەستوەردانی بیانییەکانی لە ھێزمەندکرانی ھاوتەریبیی ناوچەیی دا به کاریگەر زانی وتیشی: بووژێندرانەوەو ھێزمەندکرانی پەیوەندیی عەرەبستان لەگەڵ ئێران له بەرژەوەندیی ئاسایشتی ناوچەکەدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراهیم ڕەییسی» شەوی سێ شەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ «فۆئاد حسەین»، وەزیری دەرەوەی عێراق، ھەوڵ و ڕاوێژەکانی حکوومەتی عێراق سەبارەت بە کاروباری ناوچەکەی بەرز نرخاند و وتیشی: دەستپێشخەری و ھەنگاوەکانی عێراق بۆ باشترکردنی کەشوهەوای هاوکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بەبێ دەستوەردانی بیانییەکان، لە بەهێزکردنی یەکگرتن و ھاوتەریبیی ناوچەیی کاریگەر دەبێت.

ڕەییسی پێنج خولی دانوستانی نێوان ئێران و عەرەبستانی بە نێوەندگریی عێراق بە کەڵکمەند نرخاندو جەختی لەوە کردەوە کە لەگەڵ ڕاپەڕێندرانی تۆکمەوتەواوی ڕێککەوتنەکانی پێشوو بەستێن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان خۆش دەبێت.

سه‌رۆک کۆماری ئێران ڕاشیگه‌یاند که‌ چەسپێندرانی سەقام و ئاسایشت له‌ عێراق ته‌نیا له‌ ڕێگای دیالۆگی نێوان هه‌موو ڕه‌وته‌ سیاسییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌و به‌ پشت بەستن به‌ ده‌ستوور و به‌ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ڕێککەوتن له‌ سه‌ر پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی گەلی عێراق، مسۆگەر ده‌بێت و لەم ڕووەوە پێگەی مەرجەعییەت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لەم بارەیەوە دەگێڕێت.

لە دیدارەکەدا «فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراقیش پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیی بەردەوام و چارەنووسسازانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمەڕ چەسپێندرانی سەقامگیری و ئاسایشت لە عێراق و هەروەها تۆکمەکرانی ڕەوتی سیاسیی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە وڵاتەکەی دەربڕی و لەسەر بەردەوامیی رۆڵی حکوومەتی عێراق لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان جەختی کردەوە و راپۆرتێکی تێروتەشەلی لەو بارەیەوە ئاراستەکرد.

سەرپەیڤ