ئه‌یلوول 21, 2022 11:07 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و پاکستان لەسەر بنەمایەکی فەرھەنگیی هاوبەشی هەزاران ساڵە ڕۆنراوە

سه‌رۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی: په‌یوه‌ندییه‌کانی ئێران و پاکستان پەیوەندییەکی قوڵه‌و پشتی بە بنەمایەکی فەرھەنگی و بڕوایی هاوبەش بەستووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری ئێران، «سەیید ئیبراهیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی  ڕۆژی سێشەممە لە پەراوێزی حەفتاوحەوتەمین دانیشتنی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە نیویۆرک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی پاکستان کۆبووەوە و وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سوورە لە سەر فراوانکردنی هاوکارییەکان و باشترکردنی ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پاکستان ، وتیشی : ئێران هیچ سنوورێکی نییە بۆ پەرە پێ دانی هاوکارییەکان لەگەڵ پاکستان لە بوارەکانی بازرگانی، ئابووری، وزە و گواستنەوە.

ڕەییسی لە وێڕای هاوسۆزی دەربڕینی دووبارەی خۆی لەگەڵ نەتەوەی پاکستان بۆ قوربانی دان و زیانەکانی لافاوەکەی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە،وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران درێغی ناکات لە دابینکردنی ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی لافاوەکەی پاکستان.

«شەهباز شەریف» سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش ھەر لە دیدارەکەدا وتی: ئێران و پاکستان ئەندامی یەک بنەماڵەن و ئیسلام ئابادیش ئارەزووی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی هەیە تا ئەو جێگایەی کە بلوێ، بەتایبەتی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا لەگەڵ وڵاتی دۆست و برای خۆی کە ئێرانە.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان ھەروەھا لە داکۆکییەکانی دەوڵەت و نەتەوەی ئێران لە وڵاتەکەی بە تایبەتی لە کاتی لافاوەکەی ئەم دواییەدا ڕێزی گرت.

سەرپەیڤ