ئه‌یلوول 23, 2022 13:39 Asia/Tehran
  • باوکی قوربانییەکی ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەی دیواندەرە: کوڕەکەم بە ھۆی دژەشۆڕشەکانەوە کوژراوە

باوکی «فۆئاد قەدیمی» قوربانییەکی ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەی شارستانی دیواندەرە وێڕای ئاماژە کردن بە پرۆسەی دەست وەشاندنی دژە شۆڕشەکان لە گردبوونەوەکاندا، وتی: کوڕەکەم بەشداریی ھیچ گردبوونەوەیەکیشی نەکرد بوو، کەچی بە ڕێگای گەڕانەوەی لە دوکانەکەیەوە بۆ ماڵ، بە ھۆی چەند ڕق لە دڵێکی ئاژاوچییەوە کوژرا.

«عەبدوڵڵا قەدیمی» ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئیرنا، وتیشی: کوڕە ٤٠ ساڵەکەم دوکاندار بوو، دوای سەرھەڵدانی ئاژاوە دوکانەکەی داخست و بە تەمابوو بگەڕێتەوە بۆ ماڵ، کەچی دوای ١٠ هەنگاو زیاتری ھەڵنەگرتبوو کە لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە کوژرا .

باوکی خوالێخۆشبوو «فۆئاد قەدیمی» لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: پرسیارم لە خەڵک و شایەتحاڵانی ئامادەبووی شوێنەکە کرد، وتیان تەنانەت یەک سەربازو فەرمانبەرێکی ئاسایشتیش لەم شوێنەدا نەبووە، ئەمەش وا دەر دەخات کە کوڕەکەم بەهۆی دژە شۆڕشەکانەوە کوژراوە.

باوکی خوالێخۆشبوو «فۆئاد قەدیمی» داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە رێگە نەدەن ھەست و سۆزی منداڵەکانیان ھەڵخڕێنن و بەشداری گردبوونەوەکانیان پێ بکەن و ژیانی رۆژانە لە خەڵک تێک بدەن.

«عەبدوڵڵا قەدیمی» وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە، بەداخەوە گەنجانی 12 بۆ 15 ساڵ پەلکێشی سەر شەقامەکان دەکرێن و کەڵکاژۆییان لێ دەکرێت، وتیشی: مەهێڵن گەنجان بکرێنە دوژمنی نیشتیمانی خۆیان، خودا ھەڵناگرێ ھەستی گەنجەکانمان ھەڵخڕێنن و بە کوشتنیان بدەن.

ناوبراو بە وەبیرهێنانەوەی خەم و پەژارەی لە کوژرانی کوڕەکەی بە ھۆی دژە شۆڕشەکانەوە لە گردبوونەوەیەک دا وتیشی: نابێت ڕێگە بدرێت ئەو ئاسایشتەی کە وڵات دا ھەیە تێک بدرێت.

پێشتر «ئیسماعیل زارعی کۆشا»، پارێزگاری کوردستان کوژرانی چوار کەسی لە گردبوونەوەیەکی نایاسایی دا بە گوماناوی ناوبردبوو و وتی: بە بەڵگەوە دەرکەوتووە کە پڕۆژەی کوشتن لە ئارادایە.

ڕاشیگەیاند: بەپێی زانیارییە باوەڕپێکراوەکان، دوژمنان و  گروپەکانی نەیار هەوڵی کوشتنی خەڵک دەدەن بە بەکارهێنانی چەکی گەرم، لەم ڕووەوە پێویستە خەڵک بەتەواوی ئاگاداربن.

«زارعی کۆشا» وتیشی: بەپێی ڕای پزیشکی داد و پسپۆڕانی چەک ناس، ئەو کەسەی لە دیواندەرە کوژراوە لە مەودایەکی نزیکەوەو لە پشتەوە تەقەی لێکراوە و بە تەواوی ئاشکرایە کە بە ھۆی کەسانی ڕق لە دڵ و دژی خەڵک و شۆڕش کراوەتە ئامانج.

سەرپەیڤ