ئه‌یلوول 23, 2022 19:32 Asia/Tehran
  • ئیمام جومعەی سنە: زیان گەیاندن بە سامانی گشتی، زیان گەیاندن بە خەڵکەو دیارە ئەمە قەت ڕەوشتی کورد نییە

ئیمام جومعەی شاری سنە باسی گیان سپاردنی دڵتەزێنی خوالێخۆشبوو «مەهسا ئەمینی»ی کرد و وتی: با خەڵک ڕێگە نەدەن دوژمن بە بیانووی گیان سپاردنی ئەم خاتوونە بەڕێزە، ئاژاوە بنێتەوەو کەڵکاژۆیی بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،«مامۆستا فایەق رۆستەمی» لە وتاری نوێژی هەینیی شاری سنە وتی: هەموومان لە بەر بە کۆچی دوایی «مەهسا ئەمینی» پەرۆش و دڵگرانین، بەرپرسانیش بە جددی بەدواداچوونی ئەو پرسە دەکەن بۆ ئەوەی مافی بنەماڵەکەی لەدەست نەچێت و ئەگەر پێشێلکارییەک کرا بێت بە دۆسیەکەی دا ڕابگەن.

«مامۆستا فایەق» داوای لە خەڵکی کوردستان کرد لە ئاراستەی پاراستنی یەکڕیزی و ئاسایشتی پارێزگاو ناوچەکە ھەنگاو ھەڵگرن و نەهێڵین میدیای ناحەزان و دوژمنان ئەم دۆخەکەی ئێستا بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوەو پیلانەکانیان جێبەجێ بکەن.

وتاربێژی نوێژی ھەینیی سنە بە ڕایگەیاندنی ئەمەی کە، نابێت ڕێگە بدەین ئەو ئاسایشتەی کە بەرھەمی خوێنی هەزاران شەهیدە لەدەست بچێت، وتیشی: هێزە نیزامییەکان و لەشکریان و هێزەکانی پۆلیس ڕۆڵەی ئەم گەلەن و ئاسایشتی ئەمڕۆمان دەرئەنجامی هەوڵی بێ وچانی ئەوانەیە، ھەر بۆیە دەبێ قەدری زەحمەتەکانیان بزانین.

«مامۆستا ڕۆستەمی» جەختی لە پێویستییی بەھرەوەرگرتن لە تەگبیرو ئاوەزمەندی و سۆزداری کردەوە لە نێوان گەل و حکومەت دا بۆ کۆنترۆڵ کردنی ڕووداوەکانی ئەم دواییە و وتیشی: با وریا بین خۆمان دوژمن شاد نەکەین و بەستێن  بۆ وەدیهاتنی ئامانجە نەگریسەکانی ئیستیکبار خۆش نەکەین.

ئیمامی جومعەی سنە وێڕای ڕەخنەگرتن لە سوکایەتی کردنی هەندێک کەسی بێ ئاوەزو هەلپەرست بە قورئانی پیرۆز و پیرۆزایەتییەکان لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە، وتیشی: زیان گەیاندن بە سامانی گشتی، زیان گەیاندن بە خەڵکەو دیارە ئەمە قەت ڕەوشتی کورد نییە، چونکو کورد بەردەوام بەرەڤانیی لە حەق کردووە.

سەرپەیڤ