ئه‌یلوول 27, 2022 15:44 Asia/Tehran
  • ئەمیر عەبدوڵڵاهییان: ئامادەین وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانس بدەینەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کرد: ئێمه ئامادەین وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناڤۆکی بدەینەوه ، بەڵام ئاژانسیش دەبێت به شێوەیەکی تەکنیکی هەڵسوکەوت بکات.

«حسەین ئەمیرعەبدوڵڵاهییان» وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ بنکەی ھەواڵدەریی ئەلمانیتۆر وتی: ئەگەر ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناڤۆکی لەسەر بەرپرسایەتی و ئەرکە تەکنیکییەکانی خۆی چڕ بێتەوە، ئەوا هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانس بەهێز دەکەین.

وەزیری دەرەوە وتیشی: ئەمریکا و ئەو سێ وڵاتەی ئەورووپا کارێکی هەڵەیان کرد؛ لە کاتێکدا ئێمە خەریکی دانوستان بووین، ئەوان بڕیارنامەکەیان خستەڕوو.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهییان» ڕوونیشی کردەوە: کێشەی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناڤۆکی ئەوەیە کە بە شێوەیەکی سیاسی هەڵسوکەوت دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها وتیشی: ئەوپەڕی لەسەدادووی چالاکییه ناڤۆکییەکانی جیهان له ئێرانداو ئەویش لە چوارچێوەیەکی ئاشتیانه ئەنجام دەگرێت، کەچی له سەدا ٣٧ی پشکنینەکانی ئاژانس بۆ ئێرانه.

وەزیری دەرەوە هەروەها وتیشی: لە نیویۆرک پەیامێکمان لە ئەمریکییەکان پێگەیشت لەمەڕ ئەمەی کە وەرن با راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەین، دیارە لە هەر دانوستانێکی راستەوخۆدا دەبێ قازانجێک هەبێت، بەتایبەتی لەنێوان ئێران و ئەمریکا بە هەموو هەستیاری و ئەو ھەڵس و کەوتانەی کە ئەمریکییەکان لە چوار دەیەی ڕابردوودا لە ھەمبەر ئێراندا کردوویانە.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهییان» هەروەها ئاماژەی بە پێنج خولی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سەعودیەش کرد و وتی: ئێمە لەسەر هەندێک پرس ڕێککەوتووین و پێشوازی دەکەین لە گەڕانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ باری ئاسایی و کرانەوەی باڵوێزخانەکانی هەردوو وڵات و ئێمە دەرچەی گەڕانەوەی عەرەبستان بۆ پەیوەندیی ئاساییمان بە کراوەیی هێشتووەتەوە.

سەبارەت بە هاوکارییەکانی بەرگریی ئێران لەگەڵ ڕووسیا، وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: ئێمە هاوکاریی بەرگریکارانەمان هەیە، بەڵام لە شەڕی ئۆکرانیادا پشتیوانی لە هیچ لایەنێک ناکەین و دژی شەڕین.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهییان» بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ئێران بۆ دامەزراندنی ئاگربەست و ئاشتی لە یەمەن و ئۆکرانیاش ڕایگەیاند: ئێمە ناردنی چەک لە هەر لایەکەوە بۆ ئۆکرانیا بە هەڵە دەزانین، چونکە یارمەتیدەر نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

سەرپەیڤ