ئه‌یلوول 27, 2022 18:44 Asia/Tehran
  • پارێزگاری کوردستان: نابێت ئاسایشت و ئارامیی خەڵک تێک بدرێت

پارێزگاری کوردستان بە ئاماژە بە پلانە خراپەکانی دوژمن بۆ تێکدانی ئاسایشتی کۆمەڵگا وتی: ئاسایشتی وڵات بە بەختکرانی خوێنی هەزاران شەهیدی پایەبەرز بەدی هاتووە، ھەر بۆیە دەبێ هەموومان دژی تێکدەرانی ئاسایشت بوەستین و ڕێگە نەدەین ئارامیی خەڵک تێک بدرێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ئیسماعیل زارعیی کۆشا» ڕۆژی دووشەممە لە یادی ٤٥٢ شەهیدی سەوڵ ئاوادا وتی: ئەوانەی هەوڵی تێکدانی ئاسایشتی ئەم پارێزگایە دەدەن خیانەت لەو خەڵکە دەکەن و هەمووان دەبێ بیانناسن و بەگژیاندا بچنەوە.

ناوبراو وێڕای ئاماژە کردن بە لەسەر ھەست بوونی جەماوەری کوردستان لە ئاژاوە و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەدا، وتیشی: خەڵکی کوردستان لەم دۆسیەیەدا بە بەرچاو ڕوونییەوە هەڵس وکەوتیان کردووە و لەوە تێگەیشتوون کە سروشتی دوژمنان تێکدان و وێرانکارییە، هەر بۆیە لەو ڕووداوانەدا نەچوونە پاڵ دوژمنەوەو ئەمەش ڕوانگەی بەرزو بەرچاوڕوونیی ئەم خەڵکە سنوورپارێزو شەھیدپەروەرە دەردەخات.

پارێزگاری کوردستان بە ڕایگه‌یاندنی ئەمەی کە خه‌ڵک بە دوژمنانیان سه‌لماند که‌ ڕێگای پێشکه‌وتن و گه‌شه‌ی ئه‌م پارێزگایه‌ به‌ جوڵانەوەی ئاوا کوێرانه‌ له‌بار ناچێت، وتیشی: به‌داخه‌وه‌ له‌ ئاژاوه‌کانی ئه‌م دواییه‌دا ٤ که‌س له‌ پارێزگای کوردستان دا بە ھۆی  دەست و پێوەندە خۆفرۆش و دژە شۆڕشەکانەوە گیانیان لە دەست دا.

«زارعی کۆشا» جەختی لەوەش کردەوە کە: لە دیدارم لەگەڵ بنەماڵەی ئەو کەسانەی کوژراون، ڕایانگەیاند کە مڕۆڵەکانیان بەو ئاژاوانەوە تێوە نەگلا بوون و بە ناڕەوا لە پشتەوە گولەیان پێوە نراوەو کوژراون، بە جۆرێک کە یەکێکیان لە گەرمەی دابەشکردنی کارتی بانگێشتی هاوسەرگیرییەکەی بووە و ئەوی دیکەشیان لە کاتی قەپات کردنی دوکانەکەی دا کوژراوە.

جەختیشی کردەوە: دیارە ئەم جۆرە ھەنگاوانە تەنیا بۆ ناوزڕاندنی حکومەت و شۆڕشی ئیسلامییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە گەلی زیرەکمان بەم فێڵ و تەڵەکەو چەواشەکارییانە هەڵناخەڵەتێن.

پارێزگاری کوردستان ئاماژەی بە کۆچی دوایی «مەهسا ئەمینی»ش کرد و وتی: دوای مردنی، سەرۆک کۆمار و سەرجەم بەرپرسانی وڵات دەستبەجێ ھاتنە مەیدانەوەو جەختیان لە لێکۆڵینەوەی وردی ئەم ڕووداوە کردەوە بۆ ئەوەی مافی کەس نەفەوتێت، بەڵام دوژمنان دەرفەتەکەیان قۆستەوەو ھەوڵیان دا ئاژاوەو ئاڵۆزیی لێ ساز بکەن.

«زارعی کۆشا» ئاماژەی بە رۆڵی خەڵکی سنوورپارێزو بوێری سەوڵ ئاواش کردو وتی: من شانازی بە خەڵکی سەوڵ ئاوا دەکەم، دوژمن ناسینی ئەم مەڵبەدە بە ڕاستی وێردی زمانی ھەمووانە، لە ماوەی ئەو ٤٣ ساڵەی کە لە تەمەنی پڕ پیت و بەرەکەتی شۆڕش تێ دەپەڕێت، بەردەوام ئەمەگداری و دڵسۆزیی خۆیانیان بۆ حکومەت و شۆڕش ئاشکرا کردووەو لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی وڵاتیش دا ئەمەیان بە ڕوونی سەلماند.

سەرپەیڤ