تشرینی یه‌که‌م 14, 2022 14:44 Asia/Tehran
  • ئازارەکانی ئوممەتی ئیسلامی بەهۆی

ڕابه‌ری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ڕایگه‌یاند: یه‌کێک له‌ گرینگترین هۆکاره‌کانی ڕەنج و ئازاری ئوممه‌تی ئیسلامی له‌ سەردەمی ئێستادا دابەشبوون و لێکدابڕانی موسڵمانانه‌، ھەرکە توشی ناکۆکی ھاتن دیارە سەرشۆڕو زگاریش دەبن.

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی متفەڕکی پێغەمبەری سەردار(ص) و ئیمامی سادق (ع)، بەرپرسانی هێزەکان، کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی حکومەتی و میوانانی بەشداری سی و شەشەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی یەکڕیزیی ئیسلامی ، بەیانی ئەمڕۆ ھەینی لەگەڵ حەزرەتی «ئایەتوڵڵا خامنەیی» ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی دیداریان کرد.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لەم دیدارەدا ڕایگەیاند: کەسایەتیی پێغەمبەری سەردار کەسایەتییەکی ناوازەیە لەهەموو جیهاندا.نیشانەکانی مەزنایەتیی پەروەردگار لەهەموو قۆناغەکانی ژیانیدا بەدی دەکرێت، تەنانەت لە کاتی لەدایکبوونیشدا. ئێمە ئەمڕۆمان وەک ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر کردووە بە جەژن، تەنانەت لە ڕۆژی لەدایکبوونی ئەو حەزرەتەشدا، نیشانە و کاریگەرییەکانی نیعمەت و بەرەکەتی ئیلاھی، کە سەرچاوە سەرەکییەکەی ھەمان ترۆپکی بیعسەتە بەدی دەکرێت.

بەڕێزی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: مرۆڤ لە ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەردا کاریگەری و نیشانە کردەییەکانی تاقانەپەرستیش دەبینێت. لە نێو کەعبەدا کە بتەکان سعرنخون دەبن، ھەتا پێکدادان لەگەڵ بتەکانی تاغوت، تاغوتی گەورەی مرۆڤیی ئەو ڕۆژە، فڵان دەریاچەی پیرۆز ویشک دەبێت، فڵان ئاگرگەی بەناو پیرۆز دەکوژێتەوە، میچی  تاقی کەسرا شەق دەبات، ئەم ڕووداوانە ڕوودەدەن. بۆیە ڕۆژی لەدایک بوون ڕۆژێکی ئاسایی نییە، ڕۆژێکی زۆر گرینگە، ڕۆژێکی زۆر گەورەیە. ئێمە بۆ ئەم بۆنەیەوە لەم ڕۆژەدا ئاھەنگ دەگێڕین.

ڕابەری مەزنی شۆڕش جەختی لەوەش کردەوە: خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە جەژن تەنیا ئاهەنگ گێڕان و هەرماو بوون و یادکردنەوەو ئەم شتانە نییە. جەژن گرتن بۆ وانە وەرگرتنە. بۆ بە سەرمەشق کردنی پێغەمبەری سەردارە.

جەختیشی کردەوە: لەو وانەگەلەی ژیان و لەدایکبوونی پێغەمبەر(ص) ئەوەیە کە فەرمووی:«لَقَدْ جَاءَکُمْ رَسُولٌ مِّنْ أَنفُسِکُمْ عَزِیزٌ عَلَیْهِ مَا عَنِتُّمْ حَرِیصٌ عَلَیْکُم بِالْمُؤْمِنِینَ رَءُوفٌ رَّحِیمٌ» من دەمەوێت جەخت لە سەر ئەم بابەتەی «عَزِیزٌ عَلَیْهِ مَا عَنِتُّمْ» بکەمەوە. ئێوە کە ئازار دەچێژن، پێغەمبەر ئازار دەچێژێت.

ڕابەری مەزنی شۆڕش وتیشی: بێگومان ئەمە تایبەت نییە بە موسڵمانانی هاوچەرخی پێغەمبەرەوە، ڕوو لە تێکڕای باوەڕدارانە بە درێژایی مێژوو، واتە ئەگەر ئەمڕۆ موسڵمانان لە فەلەستین و بریماو هتد... ئازار دەچێژن، با بزانن کە ئەم ئازارە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕۆحی پاکی پێغەمبەریش ئازار بچێژێت و ڕەنج ببینێت؛ ئەمەش ڕێک بە پێچەوانەی دۆخی ئەو دوژمنانەیە کە ئازاری ئێوە دەیانگەشێنێتەوە. دەی دیارە کاتێک ئاوا شتێک لە ئارادایە، ئەو بەرەیە ھەوڵ دەدات ئێوە زیاتر بەرەولای دژواری و چەرمەسەری پاڵ پێوە بنێت.

«ئایەتوڵڵا خامنەیی» ڕاشیگەیاند: دەی ئێستا هۆکاری ئەم ئازارانەی ئوممەتی ئیسلامی لەم سەردەمەدا چین؟ یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی دابەشبوونی و لێک دابڕانی موسڵمانانە، ئێمە لە یەکتر دابڕاوین، پەڕتەوازەین، کاتێک کە لێک دابڕاوو پەڕەتەوازەین، کاتێک خێرخوازی یەکتر نین، کاتێک هەندێک جار تەنانەت بە ناحەزی یەکتریشین؛ دەی ئەمەش دەبێتە ئەنجامەکەی. لێرەشدا دیسان فەرموودەی قورئان ڕوونە: کاتێک ناکۆکی دەکەیت، فەشەل ھێنان دروست دەبێت. فەشەل واتە سستی. کاتێک توشی دووبەرەکی ھاتن بە دڵنیاییەوە سەرشۆڕو زگاریش دەبن و بەستێن بۆ زاڵ بوونی خەڵکانی تر بە سەر خۆتاندا خۆش دەکەن، ئاوایە، ئەمە دەرەنجامی ناکۆکی و لێک دابڕانە.

ڕابەری مەزنی شۆڕش جەختی لەوەش کردەوە کە: دەبێ بەرەو بەکردەیی بوونی حەوتەی وەحدەت و  یەکڕیزی ھەنگاو ھەڵگرین. ئێستا وەحدەت و یەکڕیزی واتای چییە؟ دیارە مەبەست لە یەکڕیزی یەکڕیزیی ئایینزایی نییە؛ بەم مانایە نییە یەکێک بڕواتە سەر ئایینزای ئەوی دیکە، نەخێر، بە دڵنیاییەوە مەبەستەکە ئەوە نییە. یەکڕیزیی جوگرافییاییش نییە، وەک ئەوەی لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕوویدا، کاتێک هەندێک وڵاتی عەرەبی یەکیان گرت و ڕایانگەیاند کە بوونەتە یەکێک، کە ھەڵبەت نەشکراو ناشکرێت.

بەڕێزی وتیشی: مەبەست لە وەحدەت و یه‌کڕیزی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئوممه‌تی ئیسلامییە. سەرەتا دەبێ لەوە تێ بگەین کە بەرژەوەندیی ئوممەتی ئیسلامی لە کوێیەو لەچی دایە؛ پاشان دەبێ لەم بوارەدا نەتەوەکان لە گەڵ یەکتر ڕێکبکەون، بزانن ئەمڕۆ ئوممەتی ئیسلامی پێویستی بە چییە، لەگەڵ کێ دوژمن بن و لەگەڵ کێ دۆستایەتی بکەن و چۆنیش دۆستایەتی بکەن.لە سەر ئەم بابەتانە لە کاتی وتووێژو دانوستانەکان ڕێک بکەون، بەم ئاراستەیەدا هەنگاو بنێن. مەبەست ئەوەیە: هاوھەڵوێستی لە دژی پیلانەکانی ئیستیکبار.

سەرپەیڤ