تشرینی یه‌که‌م 16, 2022 18:53 Asia/Tehran
  • ڕاپۆرتی لێژنەی بەدواداچوونی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە کۆچی دوایی «مەهسا ئەمینی»

لێژنەی بەدواداچوونی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە ڕاپۆرتی لێکدانەوەی ھۆکاری گیان لە دەست دانی «مەهسا ئەمینی»، جەختی کرد لە سەر ئەوەی کە ھیچ جۆرە لێدان و توندوتیژییەک بەرامبەر بە خوالێخۆشبوو نەکراوە.

دوابەدوای ئەو ڕووداوە تاڵەی کە بۆ خاتو «مەهسا ئەمینی» ڕووی دا ، کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران بە فەرمانی «محەممەد باقر قاڵیباف»، سەرۆکی مەجلیس ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی کە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە بکات و ڕاپۆرتێک لە بارەیەوە ئامادەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆوتەلەفزیۆنی ئێران، کۆمیسیۆنی کاروباری نێوخۆی وڵات و ئەنجومەنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا دوای لێکۆڵینەوە ڕایگەیاندووە کە لەم ڕووداوەدا هیچ کەمتەرخەمی و خەتایەک لە لایەن بەشی فریاکەوتنی وڵات یان نەخۆشخانەی کەسرای تاران ئەنجامی نەگرتووە، بەڵام «ئاست و کوالیتی کاریگەریی ھەوڵی چارەسەرکردنی» لە مەودای نێوان ئەو چرکەساتەی کە دەکەوێتە سەر زەوی ھەتا کاتێک کە ستافی فریاکەوتن دەگەنە لای دە خولەکی خایاندووە کە ئەمە جێگای ڕامانە.

ئەم ڕاپۆرتە دەشڵێت، قەرەباڵغیی بەردەم دەرگای دەرچوونی پۆلیسی ئاسایشتی گشتی، کە بووە هۆی دواکەوتنی زیاتر لە ٦ خولەک لە ڕۆیشتنی ئەمبولانسەکە، لە «پرۆسەی چارەسەر کردنی خاتوو ئەمینی»دا ناکاریگەر نەبووە.

سەرھەڵدانی ئاژاوە لەم دواییانەدا لە ئێران بە بیانووی گیان لە دەست دانی «مەهسا ئەمینی» جارێکی دیکە بووە هۆی ئەوەی کە دوژمنانی بیانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دەرفەتێک بۆ دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی ئێران و ورووژاندن بۆ ئاژاوەنانەوەی زیاتر بیقۆزنەوە.

سەرپەیڤ