تشرینی یه‌که‌م 17, 2022 20:43 Asia/Tehran
  • سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری: رووداوەکەی زیندانی «ئێڤین» تاوانێک بوو کە لەلایەن دەست و پێوەندەکانی دوژمنەوە ئەنجام درا

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بە ئاماژە بەو ڕووداوەی کە لە بەشێکی زیندانی ئێڤین ڕووی دا، جەختی کرد: ئەوەی لە زیندانی ئێڤین ڕووی دا تاوانێک بوو کە لە لایەن چەند دەست و پێوەندێکی دوژمنەوە ئەنجام درا.

دوابەدوای تێکھەڵچوونی شەوی یەکشەممەی نێوان بەشێک لە بەندکراوانی بەشی تایبەتی دزی و سزای دارایی بەندیخانەی ئێڤین و ئەو ئاگری کە لە وەرشەی دروینی ئەم بەندیخانەیەدا کەوتەوەو بووە هۆی فریاکەوتنی خێراو دەستبەجێی پۆلیس و هێزە فریاگوزارەکانی ئێران ، ژمارەیەکی بەرچاوی زیندانییەکان دەربازکران و لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە گواسترانەوە بۆ شوێنێکی ھێمن.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری، حوجەتولئیسلام وەلموسلیمین "غوڵامحسێن موحسینی ئیژەیی"، بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری ڕۆژی (دووشەممە)، لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای دەسەڵاتی دادوەری، ئاماژەی بەو ڕووداوە کرد کە لە بەشێکی بەندیخانەی ئێڤین قەوماو ، وتی: "لەماوەی ڕوودانی ئەم تاوانەدا، ئێمە شاهیدی ئەوە بووین کە هەندێک کەس هەوڵیان دا ئاگر لە وۆرک شۆپێک بەردەن کە بۆ دامەزراندنی زیندانییەکان و یارمەتیدانی خێزانەکانیان پێکھاتبوو، لەپاشان ئاگریان لەو هۆڵی کۆبوونەوەیەش کە بەمەبەستی گەشەپێدانی بەهرەو ڕاهێنانی زیندانییەکان دروستکرابوو،بەردا.

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بە ئاماژە بە لێدوانەکانی دەستوەردەرانەی ئەم دواییەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، «جۆ بایدێن» دژی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: زۆر جێی پێکەنین و گاڵتەجاڕانەیە کە سەرۆکی ئەمریکا، بە تۆمارێکی بەرفراوان و دەیان ساڵەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەتی تاوانی دژ بە خەڵکی ئێران بەم شێوەیە دژی جەماوەری ئێران قسە دەکات.

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی بە بەرپرسانی ڕێکخراوی بەندیخانەکان و ناوەندی پاراستن و ئیتیلاعاتی دەسەڵاتی دادوەری کرد کە بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدەرانی سەرەکی تاوانەکەی زیندانی ئێڤین دەستنیشان بکەن.

"موحسینیی ئیژەیی" وتیشی: ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەی کە لە زیندانی ئێڤین ڕوویدا زەمینەیان بۆ ناوەند و نووسینگەکانی شەڕخواز و ئاژاوەگێڕانی زایۆنی و ئەمریکی و ئینگلیز خۆش کرد و هەمووان بینییان کە لە هەمان شەوی ڕوودانی ئەم تاوانەدا، ڕادیۆکانی دەنگی ئەمریکاو ئینگلیس و ناوەندو نووسینگەکانی دژە ئێرانی لە کاتی ئاژاوەگێڕییەکان وەک ژوورێکی جەنگ مامەڵەیان دەکرد.

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری هەروەها باسی لە پرسی ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە کرد و وتی: پێویستە بەزووترین کات ھۆکارە سەرەکییەکانی ئاژاوەگێڕییەکان دادگایی بکرێن، هەروەها ئەگەر دادوەر بڕیار بدات و پەیڕەوی یاسایی جێبەجێ بکرێت، پێویستە دادگاییکردنیان بە ئاشکرا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی بیروڕای گشتی و خەڵک لە تاوانەکانی ئەم  ئاژاوەچییانە ئاگادار ببنەوە.

سەرپەیڤ