تشرینی یه‌که‌م 23, 2022 15:21 Asia/Tehran
  • وتووێژی تەلەفۆنیی نێوان وەزیرانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سووریا

وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و سووریا لە بارەی هه‌ندێک پرسی دوو لایەنەو پرسی جێی نیگه‌رانیی ھاوبەشیان له‌ ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی دا تاوتوێ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی بەشی گشتیی ڕاگەیاندن وکاروباری  وتەبێژیی وەزارەتی دەرەوە،«حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» ڕۆژی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ «فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سووریا، لە سەر بەردەوامی ھەڵوێستی بنەمایی و لۆژیکانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەمبەر جیهانی ئیسلام بە تایبەت پرسی فەلەستین و پشتیوانی لە بەرەی خۆڕاگری و حکومەت و نەتەوەی سووریا ، پێی داگرت.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: گوشاره سیاسی و پڕوپاگەندەییەکان نابێته هۆی ئەوەی کە بۆشاییەک له ئیرادەی نەتەوەو حکومەتی ئێران له مەڕ پێوانی ڕێگای سەربەرزی و سەربەخۆیی و پێشکەوتن و پاڵپشتی له سەقامگیری و ئاسایشتی وڵاتان له ناوچەکەو دژایەتیکردنی دەستێوەردانی بیانییەکان و دەستدرێژیی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنی بەدی بێت و دیارە گەلی ئێران بە وریایی، پیلانی دوژمنەکانی پووچەڵ دەکاتەوە.

«فەیسەڵ میقداد» بە ئاماژە بە ئەنجامە تاڵەکانی دەستێوەردانی بیانی لە سووریا بە بیانووی پاراستنی مافی مرۆڤ و ئەزموونی شکستخواردووی ڕژێمی زایۆنی و لایەنگرانی لە پیلانگێڕی و دروستکردنی قەیران لە دژی حکوومەت و گەلی سووریا وتی: ئەوان هەوڵی ئەوە دەدەن قەیران لە دژی وڵاتانی سەربەخۆ لەوانە کۆماری ئیسلامیی ئێران دروست کەن.

سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسیی سووریا ڕاشیگەیاند: ئەمریکا و ڕۆژئاوا وڵاتانی پێشکەوتەو سەربەخۆی ئیسلامییان پێ قەبوڵ ناکرێت و هەمووان بینییان کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چییان کردووە لە سووریا و عێراق و ئەفغانستان!

وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و سووریا هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌کان به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌ ئابووری و بازرگانییه‌کان کردەوە.

سەرپەیڤ