تشرینی دووه‌م 03, 2022 15:50 Asia/Tehran
  • ئێران سزای بەسەر ھەشت بەرپرس و دامەزراوەی کەنەدی دا سەپاند

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، سەپاندنی سزای بەسەر کۆمەڵێک لە کەسایەتی و دامودەزگاکانی کەنەدی ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھاوتەریب لەگەڵ پەسەندکراوەی سەرچاوە پەیوەستەکان و لە چوارچێوەی داب و میکانیزمی ھاوپەیوەند بە سزاو بایکۆتەکان، وەک کردەوەیەکی بەرامبەر، کۆمەڵێک کەسایەتی و دامەزراوەی کەنەدیی لە بەر داکۆکی کردنیان لە تیرۆریزم و تاقمۆکەی تیرۆریستی مونافیقین، ورووژاندن و ھاندان بۆ کردەوەی تیرۆریستی و توندوتیژی دژی جەماوەری ئێران و ھەروەھا برەوپێدانی زانیاریی ھەڵە لە بارەی ئێران و بەشدارییان لە توندکردنەوەی بایکۆتی ملھوڕانەی دژی نەتەوەی ئێران، بایکۆت کردووە.

لە پێڕستی کەسانی سزادراوو بایکۆت کراودا ناوی کەسانێکی وەک، «مارکۆ مێندیسینۆ» ئەندامی پەرلەمان و وەزیری ئاسایشی گشتی کەنەدا، «ئانیتا ئاناند» وەزیری بەرگریی نیشتمانیی کەنەدا، «ڕیچارد ڤاگنەر» سەرۆکی دادوەریی دادگای باڵای کەنەدا، «واین ئایر» سەرۆکی ئەرکانی سوپای کەنەدا، «ئێریک کێنی» فەرماندەی هێزی ئاسمانیی کەنەدا، «ئەنگوس تاپشی» فەرماندەی هێزی دەریایی کەنەدا، خاتوو «برێندا لاکی» کۆمیسارو سەرۆکی پۆلیسی سوارەی کەنەدا، «دەیڤید براون» دادوەری دەرکرانی فەرمانی دەست گرتن بەبەسەر سامان و دارایی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کەنەدا ، بەدی دەکرێت.

هەروەها «نەشناڵ پۆست»ی میدیای پشتیوانی سزاکانی سەر ئێرانیش لە پێڕستی بایکۆتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا بەدی دەکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتریش سزای بەسەر ئینگلتەرا، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکادا سەپاندبوو.

سەرپەیڤ