دۆزرانەوەی تەقەمەنیی جەنگی دروستکراوی ئەمریکا لە سەرسنووری جۆلفای ئێران
فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی ئێران دۆزرانەوەی بڕێکی بەرچاو لە کارتێژی شەڕ و ڕاوکردنی دروستکراوی ئەمریکا و دەستگیرکردنی قاچاخچییەک لە سەرسنووری "جۆڵفا"ی ڕاگەیاند.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆن،«محەممەد ئەحمەدی» فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕایگەیاند: لەسای وریایی و لەسەرھەست بوونی هەواڵگرییانەو ھەڵمەتبەرانەی پاسەوانانی سنووری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، قاچاخچییەک کە بڕێکی بەرچاو فیشەک و کەرەستەی جەنگی و ڕاوکردنی لە ترۆمبیلەکەی دا شاردبووەوەو بەنیازی گواستنەوەی بۆ پارێزگاکان و شارەکانی ناوەڕاستی ئێران بوو، لە ناوچەی ژێر ڕکێفی فەوجی سەرسنووریی شاری جۆلفا دەستگیرکرا.
«ئەحمەدی» وتیشی: لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی قەمەرەدا گیرا کە لە کاتی پشکنینی دا بڕێکی بەرچاو کارتێژی جەنگ و ڕاوکردن بە مارک و کالیبری جیاوازی ئەمریکیی تیادا دۆزرایەوە ، کە بە شێوەیەکی شارەزایانە لەناو ئۆتۆمبێلەکەی دا جێگیرکرابوون.
فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاسایش و ئارامی لە سنوورەکاندا هێڵی سووری پاسەوانی سنوورەکانە، وتیشی: قاچاخ و گواستنەوەی ئەم بڕە کارتێژی شەڕ و ڕاوکردنە لە بارودۆخی ئێستای وڵاتدا، بۆی ھەیە ئامانجەکەی ئەنجام دانی کاری تێکدەرانە بووبێت.