تشرینی دووه‌م 11, 2022 13:01 Asia/Tehran
  • پێشبینیی بەرزکرانەوەی ئاستی هەناردەی ئێران بۆ عێراق

ئەمینداری گشتیی ژووری هاوبەشی ئێران و عێراق ڕایگەیاند: پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ هەناردەی ئێران بۆ عێراق بگاتە ١٠ ملیار دۆلار.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی فارس، «جەهانبەخش سەنجابی شیرازی» سەبارەت بە دوایین دۆخی بازرگانیی نێوان ئێران وعێراق وێڕای ئاماژە کردن بە کەمبوونەوەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ٧ مانگی یەکەمی ئەمساڵی (١٤٠١) وتی: سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق، ئێمە لە پێشبینییەکان وەدواکەوتووین، بەڵام گەشبینین بەوەی لە نیوەی دووھەمی ئەمساڵدا بەشێک لەو دواکەوتنە قەرەبوو بکرێتەوە.

سەنجابی سەبارەت بە هۆکارە ناوخۆییەکان کە کاریگەرییان لەسەر دابەزینی هەناردەی ئێران بۆ عێراق هەیە، وتیشی: پێشتر ھێندێک بەرتەسکی لەمەڕ هەناردەکردنی بەرهەمە کانزا و پۆڵایینەکان لە وڵات دا بەدی هاتبوو، کە لە ئێستادا ئەو بەرتەسکیانە نەماون، ھەر بۆیە یەکێک لەو هۆکارانەی کە پێشبینی دەکرێت دابەزینی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ عێراق لە نیوەی دووھەمی ئەمساڵدا قەرەبوو بکاتەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو جۆرە بەرتەسکیانەیە.

ئەمینداری گشتیی ژووری ئێران-عێراق بە ئاماژەدان بە هەندێک بەرتەسکی و سنووردارکردنی دیکەی هەناردەکردن وتی: ماددە کیمیاییەکان، پۆڵا، کودی ئۆرگانیک و کانزایی لە ڕیزی ئەو شتانەدان کە هەناردە کرانیان بۆ عێراق بەرتەسک و قەدەغە کرا بوو، بەڵام لە ماوەی سێ حەوتە لەمەوبەرەوە بڕێک لەو بەرتەسکیانە ھەڵگیران.

سەرپەیڤ